64 ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی گەورەترین بزووتنەوەی چەکداری کورددا تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ 64 ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی گەورەی ئەیلوولدا تێدەپەڕێت، کە لەلایەن مەلا مستەفا بارزانییەوە سەرکردایەتی کرا بە ئامانجی بەدەستهێنانەوەی مافەکانی گەلی کورد و ڕووبەڕووبوونەوەی سەرکوتکارییەکان دژ بە خەڵکی کوردستان.

شۆڕشی ئەیلوول وەک وەڵامێک بۆ خواستەکانی گەلی کورد و ڕەتکردنەوەی ستەمکاری نەیارانی گەلی کورد سەریهەڵدا. لە ماوەی ئەم شۆڕشەدا، چەندین داستانی بەرخۆدانی گەلی کورد بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی تۆمارکران و زۆربەی ئەم شەڕانە لە بەرژەوەندی کورد و زیانی ڕژێم کۆتاییان دەهات. ئەمەش وایکرد چەندین جار ڕژێم ناچار بە ئاگربەست بکرێت. دوای کۆتاییهاتنی ئەم شۆڕشەش، بوو بە بناغەیەک بۆ شۆڕشێکی دیکەی بەرخۆدان و جددییەتی گەلی کورد لەسەر مافە ڕەواکانی، کە شۆڕشی پێشکەوتنخوازی گوڵان بوو و لە 26ـی گوڵانی ساڵی 1976دا بە شێوازێکی نوێ دەستی پێکرد.

شۆڕشی گەورەی ئەیلوول، گەورەترین بزووتنەوەی چەکداری کورد بوو دژی زوڵم و ستەمکارییەکانی ڕژێمی عێراق بەرامبەر بە گەلی کورد لە باشووری کوردستان. ئەم بزووتنەوەیە دوای شۆڕشی 14ـی تەممووزی 1958 هات، کە دەستکەوتەکانی ئەو شۆڕشە بەرژەوەندییەکانی تەواوی گەلانی عێراقی لەبەرچاو گرتبوو. بۆ کوردیش، جێگیرکردنی بەندی 3 بوو لە دەستووری عێراقدا، کە تێیدا هاتبوو کورد و عەرەب لە عێراقدا هاوبەشن و مافە نەتەوەییەکانیان لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوودا لەلایەن دەستوورەوە دانپێدانراوە.

وەک هەمیشە، ڕژێمی عێراق لەو بەڵێنانە پاشگەزبووەوە، کە بە کورد درابوون. سەرەڕای تەواوی هەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ نزیکبوونەوە لەگەڵ حکوومەت و ڕێگریکردن لە شەڕ، بەڵام لەلایەن عەبدولکەریم قاسم، سەرۆکی ئەو کاتی ڕژێمی عێراقەوە، تەواوی هەوڵەکان پشتگوێ خران. لە 11ـی ئەیلوولی 1961، هێزەکانی سوپا دەستیانکرد بە بۆردومانی ئاسمانیی دەربەندی بازیان، دۆڵی خەلەکان و دەوروپشتی دهۆک. لە بەرامبەردا لە 19ـی ئەیلوولی 1961، ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بڕیاری ڕووبەڕووبوونەوەی دا و جارێکی تر گەلی کورد ناچارکرا بۆ بەرگریکردن لە خۆی، پەنا بۆ خەباتی چەکداریی ببات.

لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا، مستەفا بارزانی بۆ ڕێکخستنی کاروباری پێشمەرگە سەردانی ناوچەی دهۆکی کرد و دەڤەری بادینانی بەسەر سێ فەرماندەییدا دابەش کرد. وەک یەکەم چالاکی چەکداری لە سەردەمی ئەو شۆڕشەدا، لە 12ـی کانوونی یەکەم، سەرکردایەتی شه‌ڕی زاوێته‌ی کرد و گورزێکی کوشندەی لە هێزەکانی ڕژێم وەشاند. ئەمە و چەندین داستانی دیکە وایکرد لە سەرەتای ساڵی 1963 حکومەت ناچار بە ئاگربەست بکرێت و بۆ چەند جارێکیش درێژکرایەوە تا کەوتنی یەکجارەکی حکومەتەکەی عەبدولکەریم قاسم لە 8ـی شوباتی 1963.

دوای ڕووخانی دەسەڵاتی عەبدولکەریم، شۆڕشی ئەیلوول بە چەندین هەوراز و نشێو و دۆخی جیاوازدا گوزەری کرد و چەندین داستانی دیکەی بەرخۆدانیش تۆمارکران، وەک شەڕی پێنجوێن لە ساڵی 1965 و داستانی هەندرێن لە ساڵی 1966. تەواوی ئەو داستانانە لە بەرژەوەندی کورد و زیانەکانی ڕژێم کۆتایی هاتن و تا ساڵی 1970 بەرخۆدانی کورد بەم شێوەیە بەردەوام بوو.

گرنگترین دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئەیلوول بۆ گەلی کورد دەرکردنی بەیاننامەی 11ـی ئاداری ساڵی 1970 بوو، کە لەنێوان مەلا مستەفا بارزانی و ڕژێمدا واژۆ کرا و 22 بڕگەی بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا لەخۆ گرتبوو. بەڵام ناوەڕۆکی ئەو بەیاننامەیە لەلایەن ڕژێمەوە جێبەجێ نەکرا و جارێکی دیکە لە ساڵی 1974 شەڕ دەستی پێکردەوە و لە بەهاری ساڵی 1975 کۆتایی هات. بەڵام ئەم شۆڕشە بوو بە بناغەیەک بۆ شۆڕشێکی دیکەی بەرخۆدان و چاونەترسیی گەلی کورد، کە یەکەم چەخماخەی لە 26ـی گوڵانی ساڵی 1976 بڵێسەی دایەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment