ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی: لە غەززە دەمێنینەوە

گەیاندنی ژمارەیەک برینداری هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بۆ نەخۆشخانە (ئەرشیف)
گەیاندنی ژمارەیەک برینداری هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بۆ نەخۆشخانە (ئەرشیف)

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی جەختی لە مانەوە و بەردەوامبوونی چالاکییەکانی لە شاری غەززە کردەوە، سەرەڕای چڕبوونەوەی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل و ئاوارەکردنی خەڵک بۆ باشووری کەرتەکە. 

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)  لە پەیامێکدا لە پلاتفۆڕمی ئێکس، دڵنیایی بە دانیشتووانی شاری غەززە داوە کە تیمەکانیان هێشتا لەوێ ماون. هاوکات، نیگەرانی خۆی لە داواکارییەکەی ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی شارەکە دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا، ئەو ناوچەی ئیسرائیل پێشتر بە "ناوچەی مرۆیی" دەستنیشانی کردبوو، لە ڕووی خزمەتگوزارییەکانەوە زۆر لاوازە و توانای پێشوازیکردنی لە ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە، نزیکەی نیوەی نەخۆشخانەکانی غەززە هێشتا کاردەکەن و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیش لە هاوکارییە پزیشکییەکان بەردەوام دەبێت.

 هەرچەندە تا ئێستا داواکاری فەرمی چۆڵکردنی نەخۆشخانەکانیان پێنەگەیشتووە، بەڵام داواکارییەکەی سوپای ئیسرائیل کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر نەخۆشخانەکان و گەیاندنی بریندار و نەخۆشەکان هەبووە. جگە لەوەش، ئەم داواکارییانە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ نێو غەززە سەخت کردووە.

شاری غەززە، ناوەندی کەرتی غەززەیە؛ پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنی، نزیکەی یەک ملیۆن فەڵەستینی لێی دەژیان، بەڵام دوای هۆشدارییەکان، نزیکەی 100 هەزاریان ئاوارەی باشووری کەرتەکە و بە تایبەت ناوچەی "مەواسی" بوون. ڕۆژانەش خەڵکی زیاتر ئەو شارە بەجێ دەهێڵ.

سوپای ئیسرائیل پێی وایە، ئەو 20 بارمتەیەی لە ژیاندا ماون لە تونێلەکانی نێو شاری غەززەدان و وەک خۆیان دەڵیێن، بە کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی شارەکە، دەتوانن بارمتەکان ئازاد بکەن و هەموو ئەو چەکدارانەی قەسسام (باڵی سەربازیی حەماس)ـیش لەنێو ببەن کە هێشتا ماون و لە شەڕکردن بەردەوامن.؛ بەم پێیەش کۆتایی بە هەژموونی حەماس بەسەر کەرتەکەدا دەهێنن.

 
Fly Erbil Advertisment