بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە: زیاتر لە 68 هەزار کەس ناوی خۆیان بۆ حەج تۆمار کردووە

ژمارەیەک حاجی لە ماڵی خوا (ئەرشیف)
ژمارەیەک حاجی لە ماڵی خوا (ئەرشیف)

ناونووسین بە شێوەی دیجیتاڵی بۆ حەجی ساڵی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و تا ئێستا 68 هەزار و 400 کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2025، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پرۆسەی ناونووسین بۆ حەج بەردەوامە و تا ڕۆژی شەممە، 20ی ئەیلوولی 2025، درێژەی دەبێت. بە گوتەی خۆی، تا ئەمڕۆ 68 هەزار و 400 کەس بە بێ بەرانبەر ناوی خۆیان تۆمار کردووە و  ڕۆژانەش داواکارییەکان زیاد دەبێت.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەش دا، دوای پرۆسەی ناونووسین و پاش چەند ڕۆژێک لە پشکنینی ناوەکان لە ڕێگەی دەروازەی حەجەوە، کە ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری سەرپەرشتیی دەکەن، تیروپشک بۆ ناوی حاجیانی ساڵی 2026 دەکرێت.

گوتەبێژەکە داوای لە هاووڵاتییان کرد، پشکنین بۆ ناوەکانیان بکەن لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە یان لە ڕێگەی هەژماری دیجیتاڵیی خۆیانەوە بچنە ناو سیستەمەکە. هۆشداریشی دا، تا ئێستا زیاتر لە 7789 داواکاری لە خانەی پاشەکەوتکردن ماونەتەوە، کە پێویستە پێشکەش بکرێن. ئەگەر لەو خانەیە بمێننەوە، ئەوا ئەوە دەسەلمێنێت کە داواکارییەکانیان پێشکەش نەکردووە. 

ستوونی ئاشکرای کرد، لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی داواکارییان پێشکەش کردووە و لە خانەی پاشەکەوتکردن ماونەتەوە، بە ڕێگەی مۆبایل یان هەژماری دیجیتاڵی ئاگادار بکرێنەوە بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان تەواو بکەن و پێشکەشی بکەن.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری بەبێ گوێدانە ماندووبوون و بە شەو و ڕۆژ لەگەڵیان لەسەر هێڵن تاوەکوو پرۆسەی ناونووسین و پشکنین بەم شێوەیە باشە بەڕێوەچووە. هەروەها دووپاتیکردەوە "کاری فەرمانگەکە جێگەی شانازییە، چونکە سیستەمەکە زۆر پێشکەوتووە و بە دەست و بازووی شارەزایانی فەرمانگەکە دروستکراوە، بە زمانی کوردی (شێوەزاری کرمانجی و سۆرانی)، عەرەبی و ئینگلیزی بەردەستە."

کاروان ستوونی ئاماژەی بەوەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، نووسینگەکەی و وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە هاوکاریی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری، باشترین خزمەتیان پێشکەشی حەجخوازان کردووە؛ لەوەی ناونووسین بۆ حەج بەردەوامە بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک پێویستی بە سەردانکردنی هیچ شوێنێک بێت یان هیچ بڕە پارەیەک بدات، هەروەها چاوەڕێی پڕکردنەوەی فۆرم ناکات لە گەرمای هاویندا، کە ئەمەش گەورەترین خزمەت و ئاسانکارییە بۆ هاووڵاتییان.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە ئەوەشی خستەڕوو، یەکێک لە کارنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بریتییە لە بەدیجیتاڵکردنی دامودەزگاکانی حکوومەت بۆ پێشکەشکردنی زۆرترین ئاسانکاری بە هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی ئەرکیان. ناونووسینی حەجخوازانیش لە ڕێگەی "دەروازەی حەج"ـەوە بە شێوەی ئەلیکترۆنی، یەکێکە لەو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment