ترەمپ دەچێتە بەریتانیا

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی بەریتانیا دەکات و لەگەڵ شا و سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە کۆدەبێتەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی کۆشکی 'باکینگهام' بڕیارە هەفتەی داهاتوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، و هاوسەرەکەی میلانیا ترەمپ، سەردانی بەریتانیا بکەن.
ترەمپ و میلانیا ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، 16ی ئەیلوولی 2025، دەگەنە لەندەن؛ سێ ڕۆژ لە وڵاتەکە دەمێننەوە و سەردانەکەیان لە 18ی ئەیلوول کۆتایی دێت.
کارنامەی سەردانەکە
بە گوێرەی کارنامەی سەردانەکە، ڕۆژی چوارشەممە، 17ی ئەیلوول، ترەمپ و میلانیا لەلایەن شا چارلزی سێیەم و شاژن کامیلاوە لە کۆشکی 'ویندسۆر' پێشوازییان لێ دەکرێت. شازادە ویلیام و شازادە کاترین یەکەم کەس دەبن کە پێشوازییان لێ دەکەن و دواتر بە یاوەری ئەوان دەچنە لای شا و شاژن.
لە بەشێکی گرنگی سەردانەکەدا، ترەمپ و هاوسەرەکەی سەردانی گۆڕی شاژنە 'ئیلیزابێسی دووەم' دەکەن لە کەنیسەی 'سانت جۆرجی ویندسۆر' و تاجی گوڵینەی لەسەر دادەنێن. هەروەها نمایشێکی سەربازی و ئاسمانی تایبەتی (Red Arrows) و فڕۆکە جەنگییەکانی F-35ی بەریتانی و ئەمەریکی بۆیان ئەنجام دەدرێت. ئێوارەخوانێکی شاهانەش لە کۆشکی ویندسۆر ساز دەکرێت، کە تێیدا شای بەریتانیا و سەرۆکی ئەمەریکا گوتار پێشکەش دەکەن.
ڕۆژی پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوول، ترەمپ بەرەو چێکەرز، شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بەڕێدەکەوێت. لەوێ، لەگەڵ کیێر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و هاوسەرەکەی کۆدەبێتەوە. دوای کۆبوونەوە دووقۆڵییەکان و سەردانیکردنی ئەرشیڤی سێر 'وینستن چەرچڵ'، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش ساز دەکرێت.
بانگهێشتنامەکە
لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، کیێر ستارمەر لە سەردانێکیدا بۆ کۆشکی سپی، بانگهێشتنامەیەکی فەرمی شا چارلزی سێیەمی بۆ ترەمپ گەیاندبوو.
ئەم سەردانەی ترەمپ سێێەم سەردانی فەرمی دەبێت بۆ بەریتانیا؛ جاری یەکەم لە ساڵی 2019، لە کاتی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، سەردانی ئەو وڵاتەی کرد و لەلایەن شاژنە ئیلیزابێسی دووەمەوە پێشوازی لێ کرا. تەمموزی ئەمساڵیش بۆ جاری دووەم چووە لەندەن و لەگەڵ ستارمەر کۆبووەوە.