لە سۆران 13 کەس بە تۆمەتی سوتاندنی موڵکی گشتیی دەستگیر کراون

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی هەولێر باس لەوە دەکات، بەردەوام لە ڕێگەی تیمەکانیان چاودێری هەموو شوێنانە دەکەن کە مەترسی ئاگر کەوتنەوەی لێ دەکرێت و بەدواداچوونی بۆ دەکەن، ژمارەیەک کەسیش بەهۆی ئاگربەردان لە چەند شوێنێک دەستگیرکراون.

کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند: لە ماوەی ساڵی ڕابردوو، ئاگر لە چەند شوێنێک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەوتووەتەوە، دوای بەدواچوون بۆ ڕووداوەکان ژمارەیەک کەس لەسەر ئەم ڕووداوانە دەستگیرکراون.

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی هەولێر گوتی: تاوەکوو ئێستا 13 کەس دەستگیرکراون، کە تۆمەتباربوونە بە سووتاندنی ئەو شوێنانە، شوێنەکانیش جۆرا و جۆر بوونە، دوای ئازاد بوونیان بەڵێنامەیان پێ پڕکراوەتەوە و پێبژاردنیان بۆ کراوە.

کاروان میراودەلی ئاماژە بەوە دەکات، بەردەوام لە ڕێگەی تیمەکانیان چاودێری هەموو شوێنانە دەکەن کە مەترسی ئاگر کەوتنەوەی لێ دە کرێت و بەدواداچوونی بۆ دەکەن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بۆ زیاتر شارەزابوون و ئەزموون وەرگرتن لە شێوازی ڕزگارکردنی هاووڵاتییان لە خنکان، تیمێکی شارەزایی فەرەنسی بۆ ماوەی دوو هەفتە مەشق و ڕاهێنان بە کارمەندانی بەرگری شارستانی سۆران دەکەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment