ئاراس خۆشناو: پشتیوانییەکانی مەسرور بارزانی هانی وەبەرهێنەرانی بیانی داوە

سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی دەڵێت: دیدگا و پشتیوانییەکانی سەرۆک وەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی، هانی وەبەرهێنەرانی بیانی داوە بێنە کوردستان و وەبەرهێنان بکەن، دەشڵێت: دیدگایەی سەرۆک وەزیران و ئارامی و ئاسایشی کوردستان بوونەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستاندا.
پێنجشەممە 11ـی ئەیلوولی 2025، ئاراس قادر خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، لەبارەی هاتنی شاندە بازرگانییەکانی جیهان و بەتایبەت ئەمەریکا بۆ کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: وەبەرهێنەری بیانی سەیری فاکتەری سیاسی ئەو وڵاتە دەکات کە نیازی ئەوەی هەیە وەبەرهێنانی تێدا بکات، بەتایبەتیش دیدگای حکوومەتی وڵاتەکە بۆ وەبەرهێنان، دەڵێت: وەبەرهێنەرانی بیانی دڵنیابوونەوە لەوەی، خودی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی پشتیوانی تەواوی وەبەرهێنانە، هاندەر و ڕێگە خۆشکەرە بۆ وەبەرهێنان، بە پێچەوانەی عێراق کە جگەلەوەی پشتیوان نییە، بگرە لەمپەریش بۆ وەبەرهێنەران دروست دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئارامی و سەقامگیریی کوردستان، فاکتەری زۆر گرنگ بوون کە سەرنجی وەبەرهێنەرانی ڕاکێشاوە.
سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ئاماژە بەوەش دەکات، هاتنی وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان سوودی ئەوەیە، سەرمایە دێننە نێو هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەکنەلۆژیا و شارەزایی، لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییەکان باشتر دەبن و دەرفەتی کار بۆ خەڵکی کوردستان دروست دەبێت، گوتی: هەر ملیارێک دۆلار کەلەڕێگەی وەبەرهێنانەوە دێتە نێو هەرێمی کوردستان، نزیکەی 15 هەزار بۆ 20 هەزار هەلیکار بۆ خەڵکی کوردستان دابین دەکات، هاوکات ئاستی ڕکابەری کۆمپانیاکان زیاد دەکات، بەتایبەتیش کۆمپانیاکانی ناوخۆ کە دەیانەوێت ڕکابەری کۆمپانیاکانی جیهان بکەن، بەمەش ئاستی کۆمپانیاکانی ناوخۆ بەرزدەبێتەوە، دەشڵێت: ژمارەی وەبەرهێنەرانی بیانی لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە.