وەزیری تەندروستی داوا دەکات هەرێمی کوردستان بێبەش نەکرێت

وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات، هەرێمی کوردستان لە بەخشینەکانی نێودەوڵەتی بێبەش نەکات، داواش دەکات شایستەی دارایی ئەو پزیشک و کارمەندانەی تەندروستی کوردستان بنێرێت کە هەڵمەتی کوتانی منداڵانیان بەڕێوەبرد.

پێنجشەممە 11ـی ئەیلوولی 2025، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، قەیرانی ئابووری و شەڕی داعش و پەتای کۆرۆنا، لێکەوتەکانی بەسەر کەرتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ماوە، ئاماژەی بەوەشکرد، سەرباری قەیرانەکان، بەڵام، خزمەتگوزاری تەندروستی زیاتر بووە، دەشڵێت: پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی هەیە، بەتایبەت لەکاتی قەیرانەکان، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش پاڵپشتی لە چاکسازیی تەندروستی و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستی لە هەرێمی کوردستان دەکات.

وەزیری تەندروستی ئاشکرای کرد، کار لەسەر بیمەی تەندروستی دەکەن، بۆ ئەمەش ڕەشنووسێکیان ئامادەکردووە کە لە ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی شورا پەسەندکراوە، لە ئایندەدا لە پەرلەمانی کوردستان بە دەنگدان لەسەری، پەسەند دەکرێت و وەکو یاسا جێبەجێدەکرێت لە هەرێمی کوردستاندا، دەڵێت: یاساکە لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستییە بۆ هاووڵاتییان.

سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان نموونەیەکی سەرکەوتووە لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، بەتایبەت لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان  کە بە یاسای ژمارە(1)ـی ساڵی 2020 ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا سەنتەری شیاندنەوە بۆ چارەسەرکردنی ئاڵودەبووان دروستکراوە.

وەزیری تەندروستی ئاشکرای کرد، داوایان لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کردووە، فشار لە حکوومەتی عێراق بکات بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی و ئامێرە پزیشکییەکان بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها بەشداریی پێکردنی هەرێمی کوردستان لە بەخشینەکانی نێودەوڵەتی بۆ عێراق، هەروەها داوای لە حکوومەتی عێراق کرد، شایستە داراییەکانی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی بنیرێت و دوای نەخات کە لە هەرێمی کوردستان هەڵمەتی کوتانی منداڵانیان لە شار و گوند و ناوچە دوورە دەستەکان بەڕێوەبرد و تێیدا 700 هەزار منداڵ پێکوتەیان وەرگرت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment