بەریتانیا باڵیۆزی خۆی لە ئەمەریکا دوورخستەوە

حکوومەتی بەریتانیا باڵیۆزی خۆی لە ئەمەریکا لەکار لادا ئەمەش بەهۆی بوونی پەیوەندیی بە ئیپستاین بووە کە تۆمەتبار بووە بە بازرگانیکردن بە منداڵان و هەرزەکاران.

ستیفن داوتی، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئەورووپا و ئەمەریکای باکوور، بڕیاری لەکارلادانی 'پیتەر ماندێڵسن' باڵیۆزی بەریتانیا لە ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەمەش بەهۆی بوونی پەیوەندیی پتەوی دیپلۆماتکارە 71 ساڵانەکە بووە لەگەڵ جێفری ئیپستاین، کە تۆمەتباربوو بە بازرگانیکردن بە منداڵان و هەرزەکاران.

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، ئێمێلەکانی نێوان هەردوو کەسایەتی کە لەم هەفتەیەدا ئاشکرابوون دەریدەخەن کە پەیوەندییەکانیان زۆر قووڵتربووە لەوەی کە دەردەکەوت، بۆیە وەکوو ڕێزێک لە قوربانیانی دەست جێفری، ئەو بڕیارەیان داوە.

پیتەر لە 10ـی شوبات تا 11ـی ئەیلوولی 2025، باڵیۆزی بەریتانیا بووە لە ئەمەریکا و پێشتریش چەندین پۆستی حکوومی باڵای لە بەریتانیا هەبووە.

جێفری ئیپستاین، بازرگانێکی ئەمەریکابووە و لەژیاندا نەماوە، ئەو بازرگانە تۆمەتبار بووە بە بەڕێوەبردنی تۆڕێکی بازرگانیکردن بە هەرزەکاران و منداڵان، کە لە ساڵی 2019  زیندانی کرا و لە هەمان ساڵدا بە کوژراوی لەنێو زینداندا دۆزرایەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی پزیشکی داد، مردنەکەی خۆکوژی بووە، بەڵام هەندێک لە بۆچوونەکان پێیان وایە کە لە زیندان کوژراوە، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانی چەندین سیاسیی و دیپلۆمات و بازرگانی گەورە لە تۆڕەکەی جێفریدا بووە.

 
Fly Erbil Advertisment