حەنان بلخی: پێویستە شانازی بەو پێشوەچوون و دەستکەوتانەوە بکەن

بەڕێوەبەری هەرێمی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند: هاوکاریی هەرێمی کوردستان لەبواری دابینکردنی دەرمان دەکەن و دەیانەوێت دەرمان بە هەموو کەسێک بگات لەهەر شوێنێک بن، دەشڵێت: پێویستە شانازیی بەو دەستکەوتانە بکەن کە لە هەرێمی کوردستان هەتانە.
پێنجشەممە 11ـی ئەیلوولی 2025،حەنان بلخی، بەڕێوەبەری هەرێمی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر ڕایگەیاند: ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، دەیەوێت هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ ئەوانەی پێویستیان بە هاوکارییە بۆ ئەوەی ژیانێکی تەندروستیان هەبێت، گوتی: ئەوە ئاڵنگارییەکی ڕژدە بەرانبەر ڕێکخراوەکەی ئێمە.
حەنان بلخی گوتی: ئێمە دڵخۆشین بەو پێشکەوتنەی لە هەرێمی کوردستان لە کەرتی تەندروستیدا بەدەستهاتوون، دەڵێت: پێویستە شانازی بەو پێشوەچوون و دەستکەوتانەوە بکەن کە لە هەرێمی کوردستان هەن، ئەزموونی زۆر لە ناوەندەکانی ئێوە وەرگیراون کە بەهاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامتان داوە.
گوتی: ئێمە دەمانەوێت هەر نەخۆشێک دەستی بە دەرمان بگات لەهەر شوێنێک بێت، دەرمانەکەش پارێزراو و سەلامەت بێت، حەنان بلخی ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان لە کەرتی تەندروستیدا پێشکەوتووە، گوتی: دەمەوێت زیاتر بمێنمەوە و زیاتر بە دۆخەکە ئاشنا بم.