پرۆژەی ڕووناکی گەیشتووەتە گوندەکانی دەوروبەری دهۆک

یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری دهۆک
یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری دهۆک

لە ماڵی یەکێک لەو گوندنشینانەمە لە گوندی دێرگژنیکێ لە سنووری شارەدێی مانگێشکێ، بە گوتەی ئەو گوندنشینە دوای ئەوەی کارەبای 24 کاتژمێری گەیشتووەتە گوندەکەیان، زۆر کێشە و گرفتی ڕۆژانەیان چارەسەر بوونە.

نیال حەسەن، گوندنشین بە کوردستان24ی گوت: کارەبای24 کاتژمێری سوودی زۆری پێ گەیاندووین و بەبێ کێشە و گرفت ئەو ئامێرانەی کارمان پێیە دای دەگیرسێنین، هەروەها بەگوێرەی پێویستییەکان کاری پێ دەکەین.

ئەم جوتیارە پێشووتر ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی دەکرد تاوەکوو کارەبای نیشتیمانی هەبێت، بۆ ئاودانی بەرهەمەکانی، بەڵام ئێستا 24 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی هەیە و گرفتی ئاودانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی نەماوە.

بشار دێرگژنیکی، جوتیار بە کوردستان24ی گوت: بەرهەمەکانمان جۆرا و جۆرن، باینجان و هەنار و مێوو و چەندین بەرهەمی دیکە، پێشتر کاتژمێر 12 نیوەڕۆ تاوەکوو سێی دوای نیوەڕۆ کارەبا هەبوو، تاوەکوو دەگەیشتینە سەر کارەکانمان کارەبا دەپچڕا، بەڵام ئێستا هەرکاتێک کارمان هەبێت ماتۆڕەکانی ئاو دادەگیرسێنین.

کارەبا 110 گوندی دەوروبەری پارێزگای دهۆک بووەتە 24 کاتژمێری، لە شارۆچکەی سێمێل کار دەکرێت بۆ تەواوبوونی پرۆژەی ڕووناکی لەو سنوورە.

حازم محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک، بە کوردستان24ی گوت: قۆناغی کارکردنمان لە شارۆچکەی سێمێل و دەوروبەرە، دواتر تەواوی ناوچەکانی دیکە دەگرێتەوە، پێشبینی دەکەین کارەکانمان زووتر لەو وادەی بۆمان دیاریکردووە تەواو بکرێت، هەروەک چۆن توانیمان قۆناغی یەکەم زووتر لە وادەی خۆمان تەواو بکەین.

لە 27 ئاداری ئەمساڵ پرۆژەی ڕووناکی لە شاری دهۆک کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ کارەبای تەواوی سەنتەری ئەو پارێزگایە بووە 24 کاتژمێری.

 

 

Fly Erbil Advertisment