ترەمپ: خەریکە بەرانبەر بە پوتن ئارامیم نامێنت

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت؛ هێشتا ڕقێکی زۆر لە نێوان هەردوو وڵاتی ڕووسیا و ئۆکرانیا بەدی دەکرێت، بۆیە ئاگربەست و ڕێککەوتن هەروا ئاسان نابیت، بەڵام خەریکە بەرانبەر بە ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ئارامیم نامێنێت.
ئەمڕۆ هەینی 12ی ئەیلوولی 2025، لە وەڵامی کەناڵی تەلەفزیۆنی فۆکس نیووز، لەبارەی ئەوەی ئەگەر ڕووسیا کۆتایی بە جەنگی دژی ئۆکرانیا نەهێنێت، ترەمپ هەڵوێستی خۆی ڕوونکردەوە و گوتی: ئارامیم بە خێرایی تەواو دەبێت، بۆیە پێویستە هەردوو لایەنی جەنگەکە بەشداربن لە ڕێگە چارە لە پێناو گەیشتن بە ڕێککەوتن.
گوتیشی: ئەوەی سەیرە و مایەی پێکەنینە، کاتێک سەرۆکی ڕووسیا داوای ڕێککەوتنی کرد، سەرۆکی ئۆکرانیا وەڵامی نەدایەوە، ئێستاش کە زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرنیا داوای دەکات، پوتن وەڵامی ناداتەوە، بەڵام بۆ کۆتایی هێنان بەم جەنگە پێویست ڕێکاری توند و چارەساز بگرینەبەر.
سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی: ڕقێکی زۆر هێشتا لە جەنگی نێوان ئەو دووڵاتە هەیە، هەربۆیە هەردوو سەرۆک بەم زووانە ئامادە نابن بۆ ئەوەی دانوستان و ڕێککەوتن بکەن؛ ترەمپ بە دووری نازانێت بەهۆی درێژکردنەوەی جەنگی ئۆکرانیا، سزای توندتر بەسەر ڕووسیا بسەپێنێت، ڕاشیگەیاند، پێویستە ئۆکرانیاش لە بارەی کۆتایی هێنان بە جەنگ سازش بکات.
ڕاشیگەیاند، لەو دیدارەی لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو لە ئەلاسکا لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کرد، هەردووکیان گفتوگۆیان لەسەر کۆتایی هێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا کردووە و هەردوولاش دانوستانەکەیان بە دیدارێکی ئەرێنی وەسفکردووە.