ئەو پیاوەی ترەمپی دەپەرست گیانی لەدەستدا
"لەدوای تووشبوونی ترەمپ بە کۆرۆنا، تووشی خەمۆکی بوو"
K24 - هەولێر
چوار رۆژ دوای نزاکردن و بەڕۆژووبوون لەپێناو چاکبوونەوەی ترەمپ لە کۆرۆنا، ئەو پیاوە هیندییەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکای دەپەرست، بەهۆی وەستانی دڵی گیانی لەدەستدا.
بوسا کریشنا، دانیشتووی ویلایەتی تیلانگانای هیندستان بوو، بەهۆی ئەوەی رایگەیاندبوو سەرۆکی ئەمەریکا دەپەرستێت، ماوەیەک بووە مانشێتی رۆژنامە جیهانییەکان. رۆژی یەکشەممەی رابردوو کاتێک خەریکی چاخواردنەوە بووە لە ماڵی ئەندامێکی بنەماڵەکەی، گیانی لەدەستداوە.
میدیاکانی هیندستان لەسەر زاری بی ڤیڤیک، ئامۆزای ئەو پیاوە دەڵێن "دوای ئەوەی بوسا زانیی ترەمپ تووشی کۆرۆنا بووە، تووشی خەمۆکی بوو و نەیدەتوانی بە باشی خۆراک بخوات"، پاشان کە گەیەنراوەتە نەخۆشخانە، پزیشکەکان گوتوویانە بەهۆی وەستانی دڵییەوە گیانی لەدەستداوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رۆژی یەکی ئۆکتۆبەر تووشی پەتای کۆرۆنا بوو، دواتر لە سەنتەری پزیشکیی نیشتمانیی واڵتەر رێدی سەربازی چارەسەری وەرگرت و شەممەی رابردوو، کۆشکی سپی رایگەیاند ترەمپ نیشانەکانی ڤایرۆسەکەی نییە.
ئەمساڵ ئاژانسی رۆیتەرز راپۆرتێکی لەبارەی بوسا کریشنا بڵاوکردبووەوە، تێیدا دەڵێ دوای ئەوەی خەونی بە ترەمپەوە بینیوە، بڕیاریداوە وەکو "خوای خۆی" سەیری بکات و بیپەرستێت، تەنانەت پەیکەرێکی ترەمپی بە بەرزیی 182 سانتیمەتر لە ماڵەکەی داناوە.
کریشنا بە ماڵەکەی خۆی دەگوت پەرستگەی ترەمپ و لە ساڵیادی لەدایکبوونی ترەمپدا، ئەمساڵ ماڵەکەی خۆی رازاندبووەوە.