ئەڵمانیا ترسی لە خەوتنی فڕۆکەوانەکانی هەیە

سەندیکای فڕۆکەوانیی ئەڵمانیا هۆشداریدا لەوەی، سەرخەو شکاندنی فڕۆکەوانەکان لەکاتی فڕین و گەشتی ئاسمانیدا، بووەتە جێی ترس و نیگەرانیان، ئاماژە بەوەش دەکات، هۆی دروستبوونی ئەو مەترسیانە، بەهۆی ماندووبوونی زۆری تیمەکانی فڕۆکەوانییە لەنێو فڕۆکەکاندا.
سەندیکای(کەوکەبیت) ڕایگەیاندووە، ڕاپرسییەکی لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو کردووە و زیاتر لە 900 فڕۆکەوان بەشدارییان تێدا کردووە، لە ئەنجامدا دەرکەوتووە، سەدا 93ـی فڕۆکەوانە بەشداربووەکانی ڕاپرسییەکە لەکاتی فڕین و گەشتی ئاسمانیدا، سەرخەویان کردووە.
سەندیکاکە ڕایگەیاندووە کە، لەسەدا 44ـی ئەو فڕۆکەوانانەی کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، باسیان لەوە کردووە، بەشێوەیەکی "ئاسایی" لە کاتی گەشتەکاندا دەخەون، لەسەدا 12ـشیان لە هەموو گەشتێکدا خەوتوون، لەسەدا 7ـیان بیریان نایێت چەند جار لە گەشتە ئاسمانییەکاندا خەوتوون.
کاسرینا دیزلدۆرف، جێگری سەرۆکی سەندیکای(کەوکەبیت) ڕایگەیاند: پرسی سەرخەوشکانی فڕۆکەوانەکانی هێلی ئاسمانیی ئەڵمانیا بووەتە پرسێکی ئاسایی لە کاتی گەشتە ئاسمانییەکاندا.
کاسرینا زیاتر گوتی: ئەو سەرخەوشکاندنەی فڕۆکەوانەکان و تیمی فڕۆکەوانیی، بەهۆی ماندووبوونی زۆری کارەکەوەیە.