زانیاریی نوێ لەبارەی ڕووداوەکەی کەرکووک

نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکووک بڵاوی کردەوە، تەرمی چوار هاووڵاتی و پێنج برینداریان هێناوەتە نەخۆشخانەکە، دوو لە بریندارەکانیش دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.
شەممە 13ـی ئەیلوولی 2025، لە نزیک هەفتەبازاڕی کەرکووک، ڕووداوێکی سەختی هاتوچۆ ڕوویدا، بەهۆی ڕووداوەکەش، دوو قوتابی و دوو شوفێر گیانیان لەدەستدا، پێنج کەسی دیکەش برینداربوون.
بەپێی زانیارییەکانی سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپڵ ڤێکترا کە شوفێر و پێنج کەسی تێدابووە، خۆی بەچەند کەسێکدا کێشاوە، دواتر بەهۆی لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی، خۆی بە دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگردا کێشاوە، بەهۆی ئەو ڕووداوەش، چوارکەس گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسی سیکەش برینداربوون.
پاسەوانێکی بارەگای پارتێکی سیاسی نزیک لە ڕووداوەکە بۆ کوردستان24 گێڕایەوە و گوتی: کاتژمێر 7 و 25 خولەک، گوێم لەدەنگی پێکدادانێکی زۆر گەورە بوو، زوو گەیشتمە سەر ڕووداوەکە و تۆز و خۆڵێکی زۆر دروست ببوو، بینیم دوو تەرم لەسەر شەقامەکە کەوتبوون، یەکێکی دیکەیان بە برینداری کە لەژیان مابوو، دوای ماوەیەکی کەم، ئەویش گیانی لەدەستدا لەگەڵ شوفێری بارهەڵگرێک کە دەستبەجێ لە ڕووداوەکە گیانی لەدەستدابوو.
عەقید عامر نەریمان، گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ بەیانی، ئۆپڵ ڤێکترایەک کە شوفێر و پێنج کەسی تێدا بووە و هەموویان قوتابی بوونە و چوونەتە تاقیکردنەوە، سێ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریش لەسەر ڕێگە وەستاون دەرکەوتووە یەکێ لە ئۆتۆمبێڵە بارهەڵگرەکان پەکی کەوتووە، ئەوانی دیکەش بۆ هاوکاریی ئەو وەستاون، بۆیە هەرسێ شوفێری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان خەریکی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلە لەکارکەوتووەکە بوون، ئۆتۆمبێلە ڤێکتراکەش ئەوەندە خێرایی بەرزبووە، لەسەر پردەکە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە، بەهۆیەوە هەر سێ شوفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرەکانی شێلاوە و یەک لە شوفێرەکانی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە و بە ئاوێنەی یەک لە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانی داداوە، چونکە ئاوێنەکە هەمووی بووەتە خوێن، دواتر شوفێری ئۆپڵەکە خۆی بۆ نەگیراوەتەوە و چووەتە ژێر بارهەڵگرێک، لەو شەش قوتابییەی لەنێو ئۆتۆمبێلە ئۆپڵەکە بوون، دوونیان گیانیان لەدەستدا و چواری دیکەشیان.
دەڵێت: لە ڕێگەکانی دەرەوەی شار و لەناو شاریش، بەردەوام ڕێنمایی بە شوفێران دەدەین خێرایی کەم بکەنەوە، بەڵام شوفێران ڕێنماییەکان جێبەجێ ناکەن و بەهۆیەوە ڕووداو و کارەساتی لەو شێوەیە دووبارە دەبنەوە، داوای لە پارێزگاری کەرکووکیش کرد، کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی لەشەقام و ڕێگەکان زیاد بکەن، گوتی: ئەوەندەی خەڵک لە گیرفانی خۆی دەترسێت، هێندە لە گیانی خۆی ناترسێت.
نەخۆشخانەی ئازادی کەرکووک ڕایگەیاندووە، عەبدولڵا عاسی تەیفوری 22 ساڵی دانیشتووی گەڕەکی ئازادی، لەگەڵ زەکەریا هادی تەیفوری 23 ساڵە کە دانیشتووی هەمان گەڕەکی کەرکووکە، بە سەختی بریندابوون و دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.
هەریەک لە ئوسامە تاریقی قوتابی لەدایکبووی 2001، هەروەها یوسف ئومێد لەتیفی 20 ساڵە کە ئەویش قوتابییە، لەگەڵ سەنعان حەبیب تەمەن 45 ساڵە و سەعید ڕەشید محەممەدی لەدایکبووی 1958، لە ڕووداوەکە گیانیان لەدەستداوە.