هۆکاری لەناوچوونی یەک ملیۆن دار لە عێراق ئاشکرا دەکرێت

ڕوانگەی عێراقی سەوز، ڕایگەیاند،  لەناوچوونی یەک ملیۆن دار لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە عێراق، پێنج هۆکاری لە پشتە.

شەممە، 13ـی ئەیلوولی 2025، ڕوانگەی عێراقی سەوز لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا عێراق یەک ملیۆن داری بەهۆی وشکەساڵییەوە لەدەستداوە، هەروەها زۆرینەی دارەکان وشکبوونەوەتەوە یان تووشی نەخۆشیی بوون."

لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕوانگەدا هاتووە، "هۆکارێکی دیکە وشک بوونی دارەکان، بڕینی ئاوە لەسەر هەندێک لە باخ و دارستانەکان وەک ئامادەکردن و فرۆشتنی بە دوکانەکانی ماسی برژاندن، ئەم کردارەش لە پارێزگاکانی نەینەوا و واست دووبارە بووەتەوە."

ڕوانگەی عێراقی سەوز ڕوونیکردووەتەوە "بەهۆی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان چەندین داری لەناوچوون کە هەندێکیان تەمەنیان گەورە بووە، هەروەها بەڵێندەران ڕێنمایی کراون لەبری ئەو دارانە نەمامی بچووک بچێنن، بەلام چاندنی نەمامی بچووک بێسوودە، لەبەر ئەوەی پێویستی بە ئاودان و چاودێریکردنی ساڵانێکە بۆ گەشەکردن و گەورەبوون.

ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەندێک کەس ئاگریان لە باخ و دارستانەکان بەرداوە، کە بووەتە هۆی سووتانی دارێکی زۆر، بەمەبەستی ئەوەی ناوچەکە بەتەواوی چۆڵ بکرێت و ئامادە بکرێت بۆ فرۆشتن وەک پارچە زەوی بۆ ئەو هاووڵاتیانەی سوودمەندن لە بڕیارەکانی حکوومەت. ئەمە لەم دواییانەدا لە باخچەیەکی ناوچەی دۆرە لە باشووری بەغدا ڕوویدا".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بۆ دروستکردنی پڕۆژەی بازرگانی یان نیشتەجێبوون، زۆرێک لە دارەکان لە ڕەگەوە هەڵکەندراون بەبێ ئەوەی هیچ دارێکی دیکە بچێندرێنتەوە، بەمەش ڕێژەیی سەوزایی لەو ناوچانە نەهێڵراوە.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment