شۆفێرانی تێرمیناڵی سلێمانی: هێڵێکی نوێی 'نایاسایی' زیانی زۆری پێگەیاندووین
شۆفێرانی تەکسیی تێرمیناڵی سلێمانی لە کردنەوەی هێڵێکی "نایاسایی" گواستنەوەی هاووڵاتییان بۆ بەعقوبە و دیالە ناڕازین و بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی سلێمانیش بە تۆمەتبار دەزانن.
شەممە، 13ـی ئەیلوولی 2025، ژمارەیەک لە شۆفێرانی تەکسیی تێرمیناڵی سلێمانی، ناڕەزایەتی و گلەیی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە دروستکردنی هێڵێکی "نایاسایی" بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییان بۆ شارەکانی بەعقوبە و دیالە.
حاجی جەزا، یەکێک لە شۆفێرانی تێرمیناڵەکەی سلێمانی بە هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەم هێڵە بەبێ ئاگاداریی ئێمە و بە شێوەیەکی نایاسایی دامەزراوە. دەزگا پەیوەندیدارەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەک یان بڵاوکردنەوەیەکی فەرمییان لەسەر ئەم پرسە نەکردووە. لە سەردەمی سەدامیشدا ئەم هێڵە بوونی نەبووە و ئێستا بە نایاسایی دامەزراوە."
ئەو شۆفێرە باسی لەوەش کرد، کردنەوەی ئەو هێڵە "نایاساییە" لە بەرژەوەندیی هەندێ کەسدایە، چونکە نزیکەی 200 دەفتەر دۆلاریان پێ دەگات.
ئەوەشی خستەڕوو، هێڵەکە زیانێکی زۆری بە شۆفێرانی تەکسیی تێرمیناڵی سلێمانی گەیاندووە، بەتایبەتی بۆ ئەو شۆفێرانەی کە بۆ هەمان ناوچە کار دەکەن. ئاماژەی بەوەش دا "نزیکەی 500 بۆ 1000 خێزانی شۆفێران بەهۆی ئەم کارەوە زیانمەند بوون، چونکە ئەم هێڵە نوێیە وای کردووە کەسانی دیکە بێنە سەر هێڵی گواستنەوەکەمان، لەکاتێکدا شۆفێرانی تێرمیناڵەکە بە شێوەیەکی یاسایی کارەکانیان ڕێکخستووە."
هەروەها شۆفێرەکان گلەییان لە بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی سلێمانی هەبوو، کە بە گوتەی ئەوان، بەڕێوەبەرایەتییەکە خۆی داوای کردووە کە "ئۆتۆمبێلمان نییە" و لەبری دابینکردنی ئۆتۆمبێلی پێویست بۆ شۆفێرانی تێرمیناڵەکە، ڕێگەی بە هێڵێکی نایاسایی داوە کار بکات.
ئەوان داوای چارەسەرکردنی خێرا بۆ ئەم کێشەیە دەکەن و جەخت لەوە دەکەنەوە، پێویستە یاسا و ڕێساکان بەسەر هەموواندا جێبەجێ بکرێن. ئاشکراشیان کرد، سکاڵایان گەیاندووەتە وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان.