لە کرماشان نۆیەمین فێستیڤاڵی تەنبوور بەڕێوەچوو

نۆیەمین فێستیڤاڵی کەونەهەواکانی تەنبوور، یان تەموورە، بە سەرپەرشتیی مامۆستا عەلی ئەکبەر مورادی، مەقامزان، ئاوازدانەر و تەموورەژەنی ناودار و بە بەشداریی هونەرمەندان و مامۆستایانی بەناوبانگ کەیهان کەلهوڕ و مەنسوور بەهرام بەگی لە گوندی بانزەڵانی شاری داڵاهۆی پارێزگای کرماشان لەلایەن ماڵی تەموورەوە بەڕێوە چوو.

نۆیەمین فێستیڤاڵی کەونەهەواکانی تەموورە لە گوندی بانزەڵانی داڵاهۆی کرماشان لە سێ بەشی مەقامژەنی، مەقامخوێنی و خۆوێژی، یان بیداهەژەنیدا بۆ سێ تەمەنی منداڵانی 6 بۆ 12 ساڵ، مێرمنداڵانی 12 بۆ 18 ساڵ و لاوانی 18 بۆ 23 ساڵی لە دوو بەشی کێبەرکێ و ئاساییدا بەڕێوە دەچێت.

عەلی ئەکبەر مورادی، مەقامزان، ئاوازدانەر، تەموورەژەن و سەرپەرشتی فێستیڤاڵ گوتی: ئەمڕۆ و بەیانی فێستیڤاڵی کەونەهەواکانی تەمبوور و مۆسیقای کوردی بەرێوە دەچێت، لە ماڵی تەمبووردا لاوان و منداڵان کێبڕکێی فێربوون دەکەن.

لەم فێستیڤاڵەدا مامۆستا مەنسوور بەهرام بەگی، مۆسیقازان و ژەنیار کارگەیەک سەبارەت بە مەقامی حەیران و شێوازە جیوازەکانی مۆسیقا بەڕێوە دەبات، مامۆستا کەیهان کەلهوڕ وتارێک سەبارەت بە ئەزموونەکانی خۆی بۆ بەشدارانی فێستیڤاڵەکە پێشکەش دەکات. یەکێک لە بەشداربووانیش دەڵێت، تەنیا ماڵی ساز، ئەم ماڵی تەموورەیەیە، ئەویش بە هیمەتی مامۆستا عەلی ئەکبەر مورادی بنیاد نراوە.

مەتین حەیدەری، بەشداربووێکی فێستیڤاڵەکەیە و دەڵێت: بەڕاستی ئێرە یەکێکە لە باشترین جێگەکان، چونکە هیچ ماڵێکی ساز لێرە نییە، بەڵام بەهیمەتی عەلی ئەکبەر ئێرە کراوەتەوە و ئێمە دێینە ئێرە.

تا ئێستا هەشت خولی فێستیڤاڵی تەموورە بە دەستپێشخەریی مامۆستا عەلیئەکبەر مورادی لە ماڵی تەموورە لە گوندی بانزەڵانی داڵاهۆ بەڕێوە چووە. ئەم فێستیڤاڵە هیچ بودجەیەک لە حکوومەت وەرناگرێت و بەشداری لە فێستیڤاڵەکەشدا بۆ هەمووان بێبەرانبەرە، بۆیە هیچ بەرپرسێکی حکوومی بۆ فێستیڤاڵەکە بانگهێشت ناکرێت. 

 
 
Fly Erbil Advertisment