نەخۆشێکی سەنتەری گورچیلەی کۆیە: 300 هەزار دینارم بۆ شووشتنی گورچیلەکانم دەدا، ئێستا بە خۆڕاییە

سەنتەری گورچیلەی دەستکرد لە کۆیە، لە ماوەی ساڵێک و شەش مانگی تەمەنی سەنتەرەکەدا، توانراوە چوار هەزار جار شۆردنی گورچیلەی ئەو نەخۆشانەی لێ ئەنجام بدرێت کە گورچیلەکانیان وەستاوە.

 پێشتر نەخۆشەکان دەبووایە لە کۆیەوە بچنە سلێمانی و هەولێر و ڕانیە و تەنانەت کەرکووک تا گورچیلەکانیان بشۆن.

عەبدوڵڵا مەحموود، بەڕێوەبەری سەنتەری گورچیلەی دەستکردی کۆیە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەنتەرەکە، ساڵ و نیوێک لەمەوبەر کرایەوە بۆ ئەوەی ڕێگەی درێژ و زەحمەتی زۆر بەرەو شارەکانی تر بۆ ئەو نەخۆشانەی کۆیە کەم بکاتەوە کە گورچیلەکانیان وەستاوە. لەو ماوەیەدا ستافێکی ڕاهێنراو بەو توانا و پێداویستییانەی خراوەتە بەردەستیان، کاروباری نەخۆشەکان ڕایی دەکەن.

سەلاح فەتاح، نەخۆشێک کە 16 ساڵە گورچیلەکانی وەستاوە، دەڵێت: "جارێک ناچار بووم لە نەخۆشخانەیەکی ناحکوومی گورچیلەکانم بشۆم، بۆ تەنها یەک شۆردن 300 هەزار دیناریان لێ وەرگرتم. ئەم سەنتەرە هی حکوومەتە، هەفتانە سێ جار و مانگانە 12 جار گورچیلەکانم دەشۆم، بەبێ ئەوەی تەنانەت دینارێکیش بدەم."

ماوەی 16 ساڵە، ئەم ئامێرە کە گورچیلەکانی بۆ دەشوات، یەکێک بووە لە نزیکترین هاودەم و هاوڕێکانی سەلاح. هەفتانە سێ ڕۆژ و ڕۆژانە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر خوێنی تێکەڵی ئەو ئامێرە دەکرێت، دوای پاکبوونەوەی لە پاشەڕۆکان هەمان خوێن بە پاکی دەکرێتەوە جەستەی.

نەورۆز مەجید، کە دەرچووی بەشی ئەندازیاری خۆراکە و ماوەی نۆ مانگە گورچیلەکانی وەستاون، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، دوای خوێندنی زانکۆ خەون و ئاواتی گەورەی بۆ ژیان هەبووە، ئێستا نەک خەونەکانی، بەڵکو ژیانیشی بەندە بەو ئامێرە و ئەو خزمەتگوزارییە پزیشکییانەی لێرە پێشکەشی دەکرێن.

نەورۆز گوتی: "من کە هاتمە ئێرە زۆر شکستم هێنابوو، بەڵام کارمەندەکانی ئێرە وەکوو دکتۆری دەروونی مامەڵەیان لەگەڵم کردووە و هیچ جارێک درێغییان نەکردووە."

وەستانی گورچیلەکان نەخۆشییەکی درێژخایەنە، نەخۆش توانای گورچیلەکانی بۆ پاڵاوتن و فڕێدانی ئەو پاشماوە و پاشەڕۆیانە لەدەست دەدات کە لە ئەنجامی چالاکییە زیندەییەکانی ڕۆژ لە خوێنیدا دروست دەبن و پێویستە لە ڕێگەی میزەڕۆوە بیانکاتە دەرەوە. بەو هۆیەوە بە ئامێرێکی پزیشکی "دایالیز" خوێنی لە پاشەڕۆکان پاک دەکرێتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment