ڕنینەوەی ترێی ڕەشی سەردەشت دەستی پێکرد، بەرهەمی ئەمساڵی 40 هەزار تۆنە
ڕنینەوەی ترێی ڕەش لە ڕەزەکانی شاری سەردەشتی پارێزگای ورمێ دەستی پێ کردووە و پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ لە 5 هەزار هێکتار ڕەزی ئەم شارە، 40 هەزار تۆن ترێ ڕەشە کۆ بکرێتەوە، بەشێک لە ترێی سەردەشت ڕۆژانە ڕەوانەی بازاڕەکان دەکرێت و بەشێکیشی لە ساردخانەکان هەڵدەگیرێت بۆ ئەوەی لە زستاندا بخرێتە بازاڕەوە.
چەند ڕۆژێکە ڕنینەوەی ترێ ڕەشە لە 5 هەزار هێکتار لە ڕەزەکانی شاری سەردەشت دەستی پێ کردووە، لەم شارە زیاتر لە هەشت جۆر ترێ ڕەشە بە شێوەی تەواو ئۆرگانیک و بە بێ بەکارهێنانی مادەی کیمیایی پێدەگات. 90%ـی ترێی ئەم شارە بە شێوەی دێم بەرهەم دێت.
ڕەحمان ئەحمەدی، خاوەن ڕەز دەڵێت: لەکاتی باراندا زەویەکانمان کێڵاوە، لە وەرزی هاوینیشدا دوو جۆر دەرمانمان لە ڕەزەکە داوە، گوتیشی: بەهەمووی سێ ڕۆژ کارمان تێدا کردووە، ئێستاش بەرهەمەکەی لێدەکەینەوە.
بەر لە دەستپێکردنی ڕنینەوەی ترێ، سەدانی کەس لە کارگەکانی دروستکردنی سەندووق کاردەکەن، بەشی هەرە زۆری ترێی ڕەشی سەردەشت لەو سەندووقانە دەکرێ بۆ وەرزەکانی دیکە دەدرێتە ساردخانەکان و هەڵدەگیرێت.
یەحیا ئیبراهیمی، کرێکار گوتی: ئەو سندووقانە بۆ ترێی ناوچەی بێوران دروست دەکەین، بەتایبەتی ترێی ڕەش.
ترێی سەردەشت جیا لە خواردنی وەک میوە، بەرهەمی دیکەی وەک مێوژ و شەرابیشی لێ ساز دەکرێت، مێوژە ڕەشەی ئالان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەناوبانگە و دروستکردنیشی زیاتر کاری ئافرەتانە.
ئایشێ عەبدوڵڵاهی، دانیشتووی سەردەشت دەڵێت: ترێیەکەی دەکوڵێنین و دواتریش ترێکە لەسەربان ڕایدەیەخین، گوتیشی: ئەوکاتی ترێکە وشک بوو خاوێنیان دەکەینەوە.
سەرەڕای ئەو سامانەی سروشتی ناوچەکە خستوویەتە بەر دەستی هاووڵاتییان، بە هۆی نەبوونی سەرمایەگوزاریی پێویست بۆ هەڵگرتن و بە پیشەسازیکردن و بە بازاڕکردنی ئەم بەرهەمە، زۆربەی داهاتەکەی دەچێتە گیرفانی دەڵاڵەکانەوە.
حەمە بێورانی، خاوەن ڕەز گوتی: ترێی سەردەشت بەدەست دەڵاڵەکانە و ئەوان زیاتر سوودی مادی لێ دەبینن، دەشڵێت: ئەگەر دەوڵەت ڕێگە بدات ئێمە دەتوانین بەبێ گومرگ بۆ هەرشوێنی دیکە بنێرین، بەڵام زۆرینەی ترێی سەردەشت کە خەڵک پێیەوە ماندوو دەبێت، دەڵالەکان سوودی لێ وەردەگرن.
هەموو ساڵێ پازدە ڕۆژ بەر لە وەرزی پاییز، ترێ ڕەشەی سەردەشت رەوانەی بازارەکانی کوردستان و ئێران و تورکیا دەکرێت. فەرمانگەی جیهادی کشتوکاڵی سەردەشت پێشبینیی کردووە ئەمساڵ ئەم شارە 40 هەزار تۆن ترێی دەبێت کە ئەمەش بەراوەرد بە بەرهەمی ساڵی ڕابردوو 35% کەمترە.