سەرۆک وەزیرانی قەتەر لەگەڵ ترەمپ و سێ بەرپرسی باڵای ئەمەریکا کۆبووەوە

بە گوێرەی میدیاکانی ئەمەریکا، ترەمپ و سەرۆک وەزیرانی قەتەر کۆبوونەوەیەکی "زۆر باشیان" لەبارەی شەڕی غەززە کردووە. وەزارەتی دەرەوەی قەتەریش ڕایگەیاندووە، سەرۆک وەزیران لەگەڵ رۆبیۆ و ڤانس کۆبووەتەوە و باسی ترەمپی نەکردووە.
میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویانکردووەتەوە، ئەمڕۆ شەممە، 13ـی ئەیلوولی 2025، محەممەد بن عەبدولرەحمان، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر لە واشنتن، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا؛ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک؛ مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، کۆبووەتەوە.
میدیاکانی ئەمەریکا باسیان لەوەش کردووە، کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆبوونەوەی سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە و دوایین پێشهاتەکانی شەڕی غەززە و دۆناڵد ترەمپ و ئەندامانی کابینەکەی، پشتیوانیی خۆیان بۆ قەتەر و سەروەریی وڵاتەکە دووپات کردووەتەوە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئەنجامی کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆک وەزیرانی قەتەر لەبارەی پرسی شەڕی غەززە "زۆر باش" بووە.
هاوکات ئوسامە حەمدان، سەرکردەی بزووتنەوەی حەماس بە کەناڵی "ئەلجەزیرە"ـی ڕاگەیاند "ئاگاداری هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی قەتەرین لە واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و چاوەڕێی ئەنجامەکانین."
ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئەمڕۆ شەممە، 13ـی ئەیلوولی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بە دۆناڵد ترەمپ و ویتکۆڤ نەداوە، تەنیا گوتوویەتی "لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە کۆبووەتەوە."
لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی قەتەردا هاتووە "شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم ئال سانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، لە واشنتن لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە کۆبووەوە."
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە "لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە ستراتیژییە نزیکەکانی نێوان دەوڵەتی قەتەر و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ڕێگاکانی پێشخستنیان، سەرەڕای گفتوگۆکردن سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، تاوتوێ کران."
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوە کردووە "لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا پشتگیری خۆی بۆ دەوڵەتی قەتەر دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە چارەسەری دیپلۆماسی توانای چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ناوچەکەی هەیە. ناوبراو ستایشی هەوڵە بێوچانەکانی قەتەری کرد لە نێوەندگیری و ڕۆڵی کاریگەری لە هێنانەدی ئاشتی بۆ ناوچەکە، جەختی لەوەش کردەوە کە دەوڵەتی قەتەر هاوپەیمانێکی ستراتیژی متمانەپێکراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە."
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "لەلای خۆیەوە، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر دووپاتیکردەوە، دەوڵەتی قەتەر هەموو ڕێوشوێنێک دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەری خۆی لە بەرامبەر هێرشە ئاشکراکەی ئیسرائیل."
Prime Minister and Minister of Foreign Affairs @MBA_AlThani_ Meets US Vice President, Secretary of State#MOFAQatar pic.twitter.com/CRorpAPH20
— Ministry of Foreign Affairs - Qatar (@MofaQatar_EN) September 12, 2025
هێرشەکەی سەر سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە
نزیکەی کاتژمێر 03:30 خولەکی دوای نیوەڕۆ، ئیسرائیل لە ڕێگەی زیاتر لە 15 فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی مووشەکی کردە سەر کۆبوونەوەیەکی شاندی دانوستانکاری بزووتنەوەی حەماس لە شوێنی مانەوەیان لە دەوحە.
لە کاتی هێرشەکەدا، شاندی دانوستانکار سەرقاڵی تاوتوێکردنی وەڵامدانەوەی دوایین پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بوون، بۆ وەستاندنی شەڕی غەززە و ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە ئیسرائیلی و زیندانییە فەڵەستینییەکان.
فڕۆکە جەنگییە ئیسرائیلییەکان، بە دەیان مووشەک زیاتر لە 10 باڵەخانەیان لە دەوحە بۆمباران کرد، کە هەموویان تایبەت بوون بە سەرکردە و ئەندامانی حەماس و خێزانەکانیان.
کاتژمێرێک دوای هێرشەکە، میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، هەموو سەرکردەکانی حەماس کە لە نێو کۆبوونەوەکەدا بوون، کوژراون، لە نێویاندا خەلیل حەیە، سەرۆکی حەماس لە کەرتی غەززە و سەرۆکی شاندی دانوستانکار؛ خالد مشعەل، بەرپرسی حەماس لە دەرەوە و زاهر جەبارین، بەرپرسی بزووتنەوەکە لە کەرتی ڕۆژئاوا.
بەڵام نزیکەی کاتژمێر 08:00ـی ئێوارە، واتا چوار کاتژمێر دوای هێرشەکە، حەماس ڕزگاربوونی سەرکردەکانی بزووتنەوەکەی لەو هەوڵەی تیرۆرکردن ڕاگەیاند. هاوکات نەیشاردەوە، پێنج کەس لە هێرشە ئاسمانییەکاندا کوژراون، کە یەکێکیان کوڕی خەلیل حەیە بووە.
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
هێرشەکە کاردانەوەی توندی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە. وڵاتان پشتیوانیی خۆیان بۆ قەتەر دووپات کردەوە و جەختیان کردەوە، ئیسرائیل بەم هەڵسوکەوتانەی، ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەبات. قەتەریش بە توندی هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و دووپاتی کردەوە، مافی وەڵامدانەوەیی هەیە.
لەلایەکی دیکەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، جەختی کردەوە، بەبێ ئەمەریکا و بە تاک لایەنە هێرشەکەیان کردووە و بەرپرسیارێتییەکەی هەڵدەگرن. هاوکات دووپاتی کردەوە، هەر شوێنێک سەرکردایەتیی حەماسی لێ بێت، هێرشی دەکەنە سەر و هیچ جێگەیەک سەلامەت نییە بۆیان.
هەر لە هەمان ڕۆژی هێرشەکەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر ئەنجام دا. ترەمپ دڵنیایی پێ دا کە واشنتن لە هێرشەکەدا بەشدار نەبووە و بەڵێنی دا هێرشی هاوشێوە بۆ سەر دەوحە دووبارە نابێتەوە. هاوکات پێی گوت "بە ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی تایبەتی خۆمم گوتبوو، ئاگادارتان بکاتەوە لە هێرشەکە، بەڵام دیارە درەنگ پێتانی ڕاگەیاندبوو."