هەڵمەتی پاککردنەوەی ئاوەڕۆکان لە زاخۆ دەستپێکردووە
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان و بارانبارین، سەرۆکایەتیی شارەوانیی زاخۆ هەڵمەتێکی فراوانی بۆ پاککردنەوەی ئاوەڕۆکانی شارەکە دەستپێکردووە.
ماوەی نزیکەی 20 ڕۆژە تیمەکانی شارەوانی سەرقاڵی پاککردنەوەی تۆڕەکانی ئاوەڕۆ و مەنهۆڵەکانن لە سنووری شارەکە و ناحیە و قەزاکانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
محەممەد حەسەن، بەرپرسی هۆبەی ژینگە لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی زاخۆ، بە کوردستان24ی گوت: "وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرزی زستان، ئێمە وەک شارەوانیی زاخۆ بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیایەک، گرێبەستێکمان بۆ پاککردنەوەی ئاوەڕۆکان دەست پێ کردەوە."
گوتیشی: هەڵمەتەکە پاککردنەوەی 29 کیلۆمەتر لە هێڵە سەرەکییەکانی ئاوەڕۆی نێو سەنتەری شاری زاخۆ دەگرێتەوە و تا ئێستا نیوەی کارەکان تەواو بوون.
محەممەد حەسەن ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی 15 بۆ 20 ڕۆژی داهاتوودا سەرجەم کارەکانی پاککردنەوە کۆتاییان پێدێت. دەشڵێت: تیمەکان بە بەردەوامی چاودێری دەکەن و هەر شوێنێک پێویستی بە پاککردنەوە هەبێت، کاری تێدا دەکرێت بۆ ئەوەی ڕێڕەوی ئاو باشتر بێت و کێشەی کۆبوونەوەی ئاو دروست نەبێت.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی لافاو، تیمێکی تایبەت پێکهێنراوە کە لە بەشەکانی ژینگە، خزمەتگوزاری، ئامێرەکان و چاککردنەوە پێکدێت و بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای پاککەرەوە کاردەکەن. بە گوتەی محەممەد حەسەن، تا ئێستا 70 کیلۆمەتر ئاوەڕۆ پاککراوەتەوە.