سوپای پاکستان 35 چەکداری تاڵیبانی کوشت

سوپای پاکستان ڕایگەیاند، لە کاتی هەڵمەتێکدا بۆ سەر دوو بنکەی تاڵیبانی پاکستان لە نزیک سنووری ئەفغانستان، 35 چەکداری تاڵیبان و 12 سەربازی سوپای پاکستان کوژراون.

یەکشەممە، 14ـی ئەیلوول 2025، ڕۆژنامەی گاردیان لە زاری گوتەبێژێکی سوپای پاکستان، بڵاوی کردەوە، دوێنێ شەممە، سوپای پاکستان هێرشی کردووەتە سەر دوو بنکەی بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان لە ناوچەی باجۆر لە هەرێمی خەیبەر پختونخوا لەنزیک سنووری ئەفغانستان؛ لە هێرشەکەدا 35 چەکداری تاڵیبان و 12 سەربازی سەر بە سوپای پاکستان کوژران.

پاکستان، بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان، کە بە تەحریکی تاڵیبانی پاکستان ( TTP) ناسراون، دەبێتەوە. 

تەحریکی تاڵیبانی پاکستان، خۆی بە گەورەترین بەرەی جیهادی لە جیهاندا دەناسێنێت و تا ئێستا چەندان هێرشی لە ناوخۆ و دەرەوەی پاکستان کردووە، وەک هەوڵی کوشتنی چالاکوانی ئاشتی مەلالە یوسفزای، کوشتنی سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان بێنەزیر بوتۆ و هەوڵی بۆمبڕێژکردنی تایمز سکوێر لە نیویۆرک.

گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە لە ئەفغانستان لە ساڵی 2021 دا، تەحریکی تاڵیبانی پاکستانی بەهێزتر کرد و پەناگەیەکی بۆ چەکدارەکان لەوبەری سنوورەوە دابین کرد بۆ ئەوەی بتوانن هەڵمەتەکانیان دژی پاکستان پەرە پێ بدەن. ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان پاکستان و ئەفغانستان.

سوپای پاکستان، داوای لە حکوومەتی تاڵیبان لە کابوڵ کرد "بەرپرسیارێتیەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ڕێگە نەدات خاکی وڵاتەکەی بۆ چالاکی تێکدەرانە دژی پاکستان بەکار بهێنرێت."

سوپای پاکستان، چەکدارە کوژراوەکانی بە "خەواریج" وەسف کرد - زاراوەیەک کە ئاماژەیە بۆ تاقمێکی توندڕەو کە لە ساڵانی سەرەتای ئیسلامدا دەرکەوتبوون- ئێستا  حکوومەتی پاکستان بۆ تەحریکی تاڵیبانی پاکستان بەکاری دەهێنێت. هەروا بانگەشەی ئەوەشی کرد کە چەکدارەکان لەلایەن هیندستانەوە پشتیوانی دەکرێن، هەرچەندە هیچ بەڵگەیەکی بۆ سەلماندنی ئەو بانگەشەیە نەخستە ڕوو.

پاکستان، ماوەیەکی زۆرە هیندستان بە پشتیوانیکردنی تەحریکی تاڵیبانی پاکستان و جوداخوازان لە بەلوچستان تۆمەتبار دەکات، بەڵام هیندستان ئەوە ڕەت دەکاتەوە.  

هێرشەکەی ڕۆژی شەممە، یەکێک بوو لە خوێناویترین هێرشەکانی سوپای پاکستان لە هەرێمی خەیبەر پختونخوا؛  پێشتر تەحریکی تاڵیبانی پاکستان چەند ناوچەیەکی لەو هەرێمەدا کۆنترۆڵ کردبوو. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment