هەشت ئامۆژگاریی پزیشکی بۆ کۆنترۆڵکردنی شەکرەی خوێن

بەرزبوونەوەی شەکری خوێن، یان نەخۆشی شەکرە، کێشەیەکی تەندروستی باوە لەم ساڵانەی دواییدا، بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژنامەی 'تایمزی هیندستان' بڵاویکردووەتەوە، هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ نەخواردنی خواردنی تەندروست و هاوسەنگ و شێوازی ژیان، ئەمەش مەترسی بەرزبوونەوەی شەکری خوێن زیاد دەکات و وردە وردە زیان بە جەستە دەگەیەنێت.

کۆمەڵەی دڵی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە، بەرزبوونەوەی شەکر لە خوێندا ئەگەر چارەسەر نەکرێت یان کۆنترۆڵ نەکرێت، کاریگەری لەسەر دڵ و خوێنبەرەکان دەبێت و دەبێتە هۆی تێکچوونی دەمارەکان و لەکارکەوتنی گورچیلە و تێکچوونی چاو و پێ و حاڵەتەکانی دیکەی تەندروستی.

هەروەها دکتۆر سودهانشو ڕەی، پسپۆڕی خۆراک و چارەسەری سروشتیی وەرزشی، چەند ئامۆژگاریەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "ڕۆتیناتی سادەی ڕۆژانە گرنگە، دەتوانرێت ئەم هەنگاوانە بۆ ماوەی 12 هەفتە پەیڕەو بکرێت و مرۆڤ هەست بە جیاوازییەکی ڕاستەقینە دەکات". ڕوونیشیکردەوە، بەرزبوونەوەی شەکرەی خوێن بە واتای کێشە لە ڕێجیم و کاتی خواردن دێت، ئەگەر هەردووکیان چارەسەر بکرێن، ئەنجامەکەی دەبینرێت.

1- دوورکەوتنەوە لە شەکر و کاربۆهیدرات


د. سودهانشو ڕەی لە یەکێک لە ئامۆژگارییەکانی دەڵێت: دەبێت خۆت بە دوور بگریت لە خواردنی شەکر و کاربۆهیدراتەکانی وەک نان و برنج، هەروەها بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە بە ناوی "کاریگەری خۆراکی کەم کاربۆهیدرات بۆ نەخۆشی شەکرە" هاتووە، تیشک دەخاتە سەر خۆراکی کەم کاربۆهیدرات کە چۆن کۆنترۆڵی شەکرەی خوێن باشتر دەکات و کێشی جەستە کەم دەکاتەوە و بەکارهێنانی ئەنسۆلین کەم دەکاتەوە.

2-ڕۆژانە خواردنی 2 کەوچک دارچین


سودهانشو ڕەی داوادەکات کە دارچین بخەیتە ناو خۆراکی ڕۆژانەتەوە، هەروەها دەتوانیت چەپکێک دارچین بخەیتە ناو چای بەیانی، کە ئەم کردارە سادەیە یارمەتی کۆنترۆڵکردنی بەرزبوونەوەی شەکرەی خوێن دەدات بە درێژایی ڕۆژەکە.

بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی 2019، بەکارهێنانی 1-6 گرام دارچینی ڕۆژانە، ئاستی شەکرەی خوێن بە ڕێژەی 18-29% کەم دەکاتەوە.

3- زەڵاتەی دەوڵەمەند بە ڕیشاڵ


 بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سروشتی ئاستی شەکر لە خوێندا کۆنتڕۆڵ بکرێت، دکتۆر سودهانشو ڕەی پێشنیازی خواردنی زەڵاتەیەکی دەوڵەمەند بە ڕیشاڵ دەکات و دواتر ژەمێکی کەم کاربۆهیدرات، لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی 2023 دەریخستووە خواردنی زەڵاتەی سەوزە پێش خواردنی برنج دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی شەکرەی خوێن بە بەراورد بە خواردنی برنج پێش زەڵاتە.

4-کاربۆهیدرات

 
هەڵبژاردنی کاربۆهیدراتی ئاڵۆز بەسەر کاربۆهیدراتی سادەدا دەبێتە هۆی یارمەتیدەرێکی بەرچاو بۆ ڕێکخستن و باشترکردنی ئاستی شەکر لە خوێندا. چونکە کاربۆهیدراتی سادە کە بریتین لە خۆراکەکانی وەک 'نانی سپی و هەویر و خواردنەوە شیرینکراوەکان'، کاتێک ئەم خۆراکانە دەخورێن، بە خێرایی دەشکێن و دەبنە گلوکۆز و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی خێرا و دابەزینی ئاستی شەکر لە خوێندا.

بەڵام کاتێک کاربۆهیدراتی ئاڵۆز دەخۆیت- وەک دانەوێڵە، گەنمەشامی و سەوزە، بەهۆی زۆری ڕیشاڵەکانیانەوە بە هێواشی هەرس دەکرێن. بۆیە گلوکۆز بە هێواشی دەردەکەن و وزەی جێگیر دابین دەکەن و ڕێگری لە بەرزبوونەوەی لەناکاوی شەکر لە خوێندا دەکەن و بە تێپەڕبوونی کات ئاستی ئەنسۆلین باشتر دەکەن.

5- شەربەتی کولەکەی زەرد

 

پسپۆڕەکەی خۆراک دەڵێت: هەفتەی سێ جار خواردنەوەی شەربەتی کەلەکەی زەرد، بە شێوەیەکی سروشتی ئاستی شەکرەی خوێن کۆنتڕۆڵ دەکات، توێژینەوەیەکی تاقیکاری، کە لە گۆڤارێکی 'پزیشکی لە ساڵی 2017دا بڵاوکراوەتەوە، دەریخستووە کە شەربەتی کولەکەی زەرد ئاستی شەکری خوێن لە نەخۆشانی جۆری دووەمی شەکرەدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزاندووە، کاریگەرییەکەشی دوای 90 خولەک دوای خواردنەوەی دەردەکەون.

6- ڕۆیشتن بۆ ماوەی 20 خولەک


دکتۆر ڕەی جەخت لەسەر گرنگی ڕۆیشتن دەکاتەوە کە پێویستە دوای هەر ژەمێک 20 خولەک بەپێ بڕۆی، چونکە ئەمە یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی لەناکاوی شەکرەی خوێن.

7-جێگرەوەی شەکر


گۆڕینی شەکر بە شیرینکەرە سروشتیەکانی وەک ستیڤیا یارمەتیدەرە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکرەی خوێن بە شێوەیەکی سروشتی. خواردنی شەکر دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا و هەروەها دەبێتە هۆی هەوکردن لە جەستەدا، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەبێت.

8- خواردنی ژەمی بچووک


خواردنی ژەمە بچووک و بەردەوامەکان لەبری سێ ژەمی گەورە لە ڕۆژێکدا، یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا جێگیر بێت.

کاتێک ژەمێکی گەورە دەخۆیت، بەتایبەتی ژەمێکی پڕ لە کاربۆهیدرات، شەکری خوێن بە خێرایی بەرز دەبێتەوە و دواتر بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ماندوێتی، ئارەزووی خواردن، یان توڕەبوون.

بەڵام خواردنی ژەمی بچووک و هاوسەنگ بە درێژایی ڕۆژ ڕێگری لەم هەڵچوونانە دەکات، هەروەها ئەمەش فشار لەسەر بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین کەمدەکاتەوە.

 

 
Fly Erbil Advertisment