وەزیرێکی هەرێمی کوردستان: گەشبینین بە چارەسەرکردنی کێشەی مووچە لەگەڵ بەغدا

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن گەشبینە بە چارەسەرکردنی پرسی مووچە و دووپاتی دەکاتەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستانە پابەندییەکانی بەرانبەر بە حکوومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2025، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە کۆتا کۆبوونەوەیدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشنیازەکانی حکوومەتی عێراقی بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان پەسەند کردووە.
لە وەڵامی پرسیاری "ئایا گەشبینی بە چارەسەرکردنی کێشەی مووچە لە نێوان هەولێر و بەغدا؟" دانا عەبدولکەریم گوتی "بەڵێ، گەشبینم."
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن جەختی لەوە کردەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر هەموو خاڵە گرنگەکانی پێشنیازەکەی بەغدا داوە، بەو مەرجەی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا بێت.
دووپاتیشی کردەوە"ئێمە وەک هەرێمی کوردستان ناتوانین شتێک بکەین کە لە دەرەوەی دەستوور بێت، چونکە دەستوور مافی خەڵکی کوردستانی پاراستووە، ئێمە دەبێت پارێزگاری لە دەستووری خۆمان بکەین بۆ ئەوەی مافی خەڵکی کوردستان بپارێزین."
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی و کۆتاییهێنان بە کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن.