شۆکێکی چاوەڕواننەکراو بۆ هانزی فلیك

فلیك هێرش دەكاتە سەر راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا

هانزی فلیك راهێنەری ئەڵمانی یانەی بارسێلۆنا
هانزی فلیك راهێنەری ئەڵمانی یانەی بارسێلۆنا

هانزی فلیك، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا بەهۆی پێكانە چاوەڕواننەكراوەكەی لامین یامال تووشی شۆك بووە و پەنجەی تۆمەت بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا رادەكێشێت كە پێكانی ئەو یاریزانەیان شاردووەتەوە.
هانزی فلیك، بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو ئاگادار كرایەوە كە لامین یامال پێكانی هەیە و ناتوانێت بۆ یارییەكەی ئەمشەو لە لالیگا بەرامبەر ڤالێنسیا بەشداریی بكات، ئەمەش لە كاتێكدابوو ئەو راهێنەرە ئاگاداری ئەوە نەبووە كە ئەو یاریزانە لەگەڵ ئیسپانیا تووشی پێكان بووە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی سپۆرتی كەتەلۆنیا، لامین یامال بەشداریی دوایین یاریی هەڵبژاردەی ئیسپانیای كرد و گەڕایەوە بارسێلۆنا، هانزی فلیك ئاگاداری رادەی پێكانی ئەو یاریزانە نەبووە و لە پلانەكانی دا بووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤالێنسیا، فلیک پێشبینی ئەوەی کردبوو ئەستێرە لاوەكەی بە شێوەیەکی ئاسایی بەرامبەر ڤالێنسیا یاری دەكات، بەڵام فلیك تووشی شۆك بوو كاتێك ئاگاداریان كردووەەتەوە ناتوانێت بەرامبەر ڤالێنسیا یاریی بكات، تەنانەت زەحمەتە لە یاریی داهاتوو لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر نیوكاسڵیش یاریی بكات.
هانزی فلیك، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی ئێوارەی دوێنێ بەهۆی بارودۆخی لامین یامال، رق و توڕەیی خۆی بەرامبەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا دەربری و گوتی: بەداخەوە لامین یامال بۆ ئەم یارییە ئامادە نابێت، ئەو یاریزانە بە پێکانەوە پەیوەندی بە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرد، لە هەمووی خراپتر دەستەی پزیشکی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، دەرمانی كاتی ئازارشکێنیان داوەتێ بۆ ئەوەی یاری بکات، بەداخەوە لەو دوو یارییەی کە یامال بە پێکانەوە بەشداری کرد، ئەوان بە سێ گۆڵ لە پێش بوون، کەچی ئەو یاریزانە زیاتر لە 70 خولەک یاری کرد. ئەمەش واتای ئەوەیە ئەوان گرنگی بە تەندروستی یاریزانەکان نادەن''.
فلیك دەشڵێت: سەرەڕای ئەوەی لامین یامال پێكانی هەبووە كەچی لویس دی لافونتێی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا زۆرترین خولەك یاریی پێكردووە، 79 خولەک بەرامبەر بولگاریا و 73 خولەک بەرامبەر تورکیا یاریی بەو یاریزانە كردووە، ئەمەش كارەسات و گوێنەدانە بە تەندروستی یاریزانەكە.

 

 
Fly Erbil Advertisment