ئەمڕۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و ئەنجوومەنی بیانییەکان لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی ئەیلوولی 2025، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و ئەنجوومەنی بیانییەکان لە ویلایەتی نۆرد ڕاین ڤێستفاڵنی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
ئەو ویلایەتەی ئەڵمانیا، خاوەنی ژمارەیەکی زۆری ڕەوەندی کوردستانییە، کوردانی شارەکانی کۆڵن و دۆسلدۆرف و بۆخووم و بۆن و هێرنەو مونستەرو چەندین شاری دیکە، بە شێوەیەکی چالاک بەشداریی هەڵبژاردنەکان دەکەن و چەندین کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی بیانییەکان هەڵبژاردووە.
ئەیاز سەعدون، گەنجێکی کوردە و کاندیدی ئەنجوومەنی بیانییەکانی شاری هێرنە، بۆ کوردستان24 گوتی: ئەو دۆخ و کێشانەی کە ئێمەی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان پێیدا تێپەڕبووین لەکاتی گەیشتنمان بە ئەڵمانیا، دەمانەوێت چارەسەریان بکەین، بۆیە دەمانەوێت بگەینە ئەنجوومەنی بیانییەکان لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە.
هێلین عەبدۆ، کچێکی کوردی ڕۆژئاوای کوردستانە لە ئەڵمانیا، کاندیدی ئەنجوومەنی بیانییەکانی شاری هێرنە، بۆ کوردستان24 گوتی: دەمانەوێت بەشداریی ئەنجوومەنی بیانییەکانی شاری هێرن بکەین، دەمانەوێت وەک کورد شوێنی خۆمان لەنێو ئەم دامەزراوانەی ئەڵمانیا بکەینەوە، دەخوازین کوردانی دیکەش لەهەر وڵاتێکی جیهان، وەک ئێمە هەوڵ بدەن لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بچنە نێو دامەزراوە فەرمییەکانی ئەو وڵاتانە، ئێمە 3 کچ و 4 کوڕی کوردین لە ئەڵمانیا، خۆمان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و ئەنجوومەنی بیانییەکانی ئەو شارانەی ویلایەتی نۆرد ڕاین ڤێستفاڵنی ئەڵمانیا.
سیماڤ موحەمەد، کچێکی دیکەی کوردە، کاندیدی ئەنجوومەنی بیانییەکانی شاری هێرنە، بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، دەمانەوێت هاوکاریی ڕەوەندی کوردی بکەین، بەتایبەت بۆ خوێندن و دۆزینەوەی کار، لەگەڵ دەستخستنی ڕەگەزنامەی ئەڵمانیا، گوتی: کە ئێمە هاتینە ئەڵمانیا هیچ شتێکمان نەدازانی و کەس نەبوو هاوکاریمان بکات، دەمانەوێت ئێستا هاوکاری ڕەوەندی کوردی بکەین لە ئەڵمانیا بۆ ئەوەی وەک ئێمەیان لێنێت.
هەروەها ئەحمەد مایی، کوڕێکی کوردە و کاندیدی ئەنجوومەنی بیانییەکانی شاری دۆرتمۆندە، بۆ کوردستان24 گوتی: ئێمە چوار گەنجی کوردین لە لیستەکەمان، سێ گەنجی دیکەش لە لیستی دیکەن هەر کوردن، ئێمە دەنگی گەلەکەی خۆمانین، دەنگی ئەو کەسە بیانیانەین کە لەدۆرتمۆند دەژین، ئێمە گرنگیی بە زمان و کار و خوێندنی ئەو خەڵکە بیانییە دەدەین.
یەک لە کاندیدە هەرە دیارەکانی ئەم هەڵبژاردنە، بێریڤان ئایمازە کە کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی شاری کۆڵن.
بێریڤان ژنێکی کوردی سیاسی دیاری سەر بە پارتی سەوزی ئەڵمانیایەو لە ساڵی 2017ـەوە ئەندامی پەرلەمانی ویلایەتی نۆرد ڕاین ڤێستفاڵنی ئەڵمانیایە، ئەو ژنە کوردێکی خەڵکی باکووری کوردستانە و بەپێی نوێترین ڕاپرسییەکان لەو هەڵبژاردنەدا شانسی دەرچوونی بەرزە.
لە شارەکانی بۆن و هێرنەو مونستەرو بۆن، کوردانی ئەو شارانە لیستی تایبەت بە خۆیان دروستکردوەو داوای پشتیوانی لە کوردستانیانی ئەو شارانە دەکەن.
ئەنجوومەنی بیانییەکان لە بەشێکی زۆری شارەکانی ئەڵمانیادا هەن و پەنابەرو هاووڵاتیانی خاوەنی پێشینەی کۆچبەری، دەتوانن لە ڕێگەی ئەو دامەزراوەیەوە داواکاری و داخوازییەکانیان بگەیێننە ناوەندەکانی بڕیار.
کوردانی ئەڵمانیا دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەو ئەنجوومەنەوە مافی خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی شارەکەیان بچەسپێنن و، کولتوورو ناسنامەی کوردی بناسێنن.