لە خورماڵ کەسێک لەنێو دوکانەکەیدا کوژرا

کەسێک لە خورماڵ لەنێو دوکانەکەی خۆیدا کوژرا، پۆلیسیش دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە.
ڕائید ئاکام قوتبەدین ئاغاوەیس، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە لەبارەی ڕووداوەکە ڕایگەیاند: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی ئەیلوولی 2025، تەرمی هاووڵاتیەک بەناوی (وەهبی تاهیر میكە) کە تەمەنی 43 ساڵە و پیشەی کاسبە و دانیشتوی خورماڵە، کوژراوە و تەرمەکەی گەیەنراوەتە پزیشکی دادی هەڵەبجە .
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ئاشکرای دەکات، شوێنەواری فیشەک بەسەریەوە بووە، ڕوداوەکە لەشوێنی کارەکەی کەدوکانێکی دروستکردنی خواردەمەنی بووە لەنێو قەزای خورماڵ، ڕوویداوە.
ئاماژە بەوەشدەکات، لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە دەستی پێکردوە و لەلایەن بەشی پۆلیسی بەڵگەو تاوان، بەڵگەکان هەڵگیراونەتەوە و دەمانجەیەک دەستی بەسەردا گیراوە، ڕاشیدەگەیەنێت: بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، کەسێک بەتۆمەتی ڕووداوەکە دەستگیرکراوە، هاوکات دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوداوەکە لەبنکەی پۆلیسی خورماڵ ڕێکخراوە.