دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پرۆژەیەکی گرنگ بۆ منداڵانی ئۆتیزم ڕادەگەیەنێت

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2025، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتی ئیمارات و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حکوومی و کەسایەتییە دیارەکان، ئەمڕۆ ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە دەرچوونی خولی پێنجەمی قوتابیانی سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزمی ئەنجام دا. لەم ڕێوڕەسمەدا پڕۆژەیەکی نوێ بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ منداڵانی ئۆتیزم ڕاگەیەندرا، کە بە ئامانجی گەیاندنی ئەم خزمەتگوزارییانە بە هەموو شارەکانی کوردستان و بە شێوازێکی زانستی و ستانداردی جیهانی کار دەکات.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕایگەیاند: "سەرۆک بارزانی بە گرنگییەوە سەیری ئەم پڕۆژەیەی کردووە و زۆری پێخۆشە. هەروەها، بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی بۆردی دامەزرێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەو باڵەخانەیەی کە لەلایەن وڵاتی ئیماراتەوە دروست کرابوو، پێشکەشی دەزگاکەمان کرد." موسا ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا "ئێمە شانازی بە مامۆستایانمانەوە دەکەین کە هاوکارمانن لەم هەنگاوە گرنگەدا."
فراوانکردنی پڕۆژەکە بۆ شارەکانی دیکە
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەم پڕۆژەیە لە سۆران دەستی پێکردووە لە چوارچێوەی کۆمەڵگای دایکدا و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا لە زاخۆ دەست پێدەکات. گوتیشی: "چەندان سەنتەری بچووکترمان هەیە لە ناوچەکانی دیکە و هەموو هەوڵێکمان ئەوە دەبێت کە هیچ شارێکی کوردستان بێبەش نەبێت لەم پڕۆژەیە."
کارکردن بە ستانداردی جیهانی و خزمەتگوزاری بۆ کەم دەرامەتان
دکتۆر ڕەوشت ڕەشید، سەرپەرشتیاری سەنتەری ئۆتیزم لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سوپاسی حکوومەتی ئیماراتی کرد بۆ پێشکەشکردنی باڵەخانەکە و هاوکارییان لە دامەزراندن و بەرەوپێشبردنی سەنتەرەکە. هەروەها سوپاسی هەموو بەخشەرەکانیشی کرد کە بە شێوەیەکی بەردەوام هاوکارییان پێشکەش کردووە.
دکتۆر ڕەشید جەختی لەسەر ئامانجی سەرەکی سەنتەرەکە کردەوە و گوتی: "ئامانجی سەرەکیمان ئەوە بووە بە شێوازێکی زانستی کار بکەین، بۆیە بە شانازییەوە دەڵێم؛ سەنتەرەکەی ئێمە یەکێکە لەو سەنتەرانەی ناوچەکە کە بەگوێرەی کۆمەڵێک پێوەری زانستی کار دەکات، لە دەستنیشانکردنی حاڵەتەکەوە تاکو هەموو هەنگاوەکانی چارەسەری."
دەشڵێت: "ئامانجی دووەمان پێشکەشکردنی ئەم خزمەتگوزارییە بە خەڵکانی کەم دەرامەت و هەژارە. هەروەها پێگەیاندنی کادیری شارەزا لەم سەنتەرەدا کە توانیمان 60 مامۆستای پرۆفیشناڵ لە بواری ئۆتیزم پێبگەیەنین."
پێگەیاندنی کادیری شارەزا و سەرکەوتنەکانی ڕابردوو
بە گشتیی لە ماوەی چوار ساڵی کارکردندا، نزیکەی 110 کەسی پرۆفیشناڵ لە بواری ڕاهێنانی منداڵانی ئۆتیزم بۆ کوردستان پێگەیەندراون، هەر یەکەیان لە داهاتوودا دەتوانن سەنتەرێکی هاوشێوە بەڕێوەببەن.
دکتۆر ڕەوشت ڕەشید ئاشکرای کرد، لە ساڵی 2021ـەوە تا ئێستا نزیکەی 300 منداڵ ڕاهێنانیان وەرگرتووە و لەم ژمارەیە 82 منداڵ گەڕاونەتەوە ناو سێکتەری خوێندن. سوپاسی وەزارەتی پەروەردەی کرد کە بۆ یەکەمجار پڕۆژەی تێکەڵکردنی منداڵانی ئۆتیزمی بە قوتابخانە ئاساییەکانەوە کردووە.
پشتگیریی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەولێر
لای خۆیەوە، دکتۆر دلۆڤان ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە بەشداریکردنیان لەم ئیڤێنتە و ڕایگەیاند: "لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو سەنتەری ئیماراتی پاڵپشتێکی سێکتەری تەندروستیی بووە لە هەموو پڕۆژەکان وەک ڕاهێنان و پێداویستیی دەرمان. ئەم سەنتەرە تایبەتمەندی خۆی هەیە، ئەویش ئەوەیە تووشبووانی ئۆتیزم پێویستیان بە بایەخێکی زۆر هەیە، بۆ ئەوەی بتوانرێت تێکەڵ بە منداڵانی دیکە بکرێن لە پرۆسەی ژیان و خوێندنیاندا."