حاڵەتێکی دەگمەنی مردن بە کۆرۆنا تۆمار کرا

"ئەوە دەسەلمێنێت کۆرۆنا جۆری جیاوازی هەیە"

K24- هەولێر:

ژنێکی هۆڵەندی لە دوای دووبارە تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا و ئەمەش یەکەم حاڵەتی لەو جۆرەیە لە جیهان تۆمار دەکرێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی مێترۆ، ژنەکە تەمەنی 89 ساڵ بووە و سێ هەفتە لە دوای چاکبوونەوەی، دووبارە تووشی ڤایرۆسەکە بووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ژنەکە شێرپەنجەی هەبووە و بەهۆی ڤایرۆسەکە دۆخی تەندروستی بە تەواوی تێکچووە.

ئەو خاتوونە، لە دوای هەشت رۆژ تووشبوونی بە کۆرۆنا بۆ جاری دووەم، گیانی لەدەستداوە، لە کاتێکدا پشکنینی پێشووتری، نیگەتیڤ بووە و هیچ نیشانەیەکی ڤایرۆسەکەی نەماوە.

پزیشکەکانی دەڵێن، جاری دووەم ئەو ژنە تووندتر تووشی کۆرۆنا بووە، بۆیە بەرگەی نەگرتووە و گیانی لەدەستداوە.

حاڵەتێکی دیکەش لە  ویلایەتی نێڤادا لە ئەمەریکا تۆمار کراوە، کەسەکە جاری دووەم تووندتر تووشی ڤایرۆسەکە بووە و پێویستی بە هەناسەی دەستکرد بووە.

ئەمەش ئەوە دەسەلەمێنێت، کۆرۆنا جۆری جیاوازی هەیە و هەندێکیان کووشندەترن.