ئابووری چین زۆر بە خێرایی گەشە دەکاتەوە
کاریگەری کۆرۆنا لەسەر ئابووری چین کەم بووەتەوە
K24- هەولێر:
تادێت زیاتر ئابووری چین گەشەی زیاتر بەخۆوە دەبینێت و لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو، داتاکانی ئابووری چین وەک ئێستا بەرز نەبوون.
ماوەی چوار مانگە لەسەر یەک، ئابووری چین گەشەی زیاتر بەخۆوە دەبینێت، ئەمەش بەهۆی کردنەوەی شوێنە بازرگانییەکان و باشترکردنی رێکارەکانی لەناوبردنی کۆرۆنا.
وانگ دان، شارەزای ئابووری بە ماڵپەڕی سی جی تی ئێنی چینی گوتووە، پێچەوانەی هەموو پێشبینییەکان، ئابووری چین زۆر بە خێرایی گەشە دەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئابووری وڵاتەکە 1.8% گەشەی بەخۆوە بینیووە و نرخی دراوی چینیش، بەرزبووەتەوە.
چین سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، بەهۆیەوە بەشێکی زۆر لە کارگە و شوێنە بازرگانییەکان داخران، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا، چین توانی کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسەکە بکات و جارێکی دیکە ئابووری وڵات پێش بخات.