فێستیڤاڵی پاییزەی شەمێران دەرفەتی نوێ بۆ بەرهەمی ناوخۆیی دەڕەخسێنێت

بەروبوومی پاییزەی جووتیارانی دەڤەری شەمێران لە فێستیڤاڵێکی تایبەتدا لە دەربەندیخان نمایش دەکرێت و دەرفەتێکی نوێ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمە ناوخۆیییەکان دەڕەخسێنێت.

سێیەمین فێستیڤاڵی پاییزەی شەمێران بە بەشداریی زیاتر لە 30 جووتیار و کاسبکار لە کۆشکەکانی شەمێران بەڕێوەدەچێت. لەم فێستیڤاڵەدا کە ماوەی یەک رۆژی خایاند، بەشداربووان تازەترین و باشترین دەستڕەنجی وەرزی خۆیان نمایشکرد.

ئەم چالاکییە وەک پردێکی راستەوخۆ کار دەکات بۆ ئەوەی جووتیاران بەرهەمەکانیان بەبێ بوونی نێوەندگیر بە دەستی کڕیاران بگەیەنن و بەهای ماندووبوونی خۆیان بەتەواوی بەدەستبهێنن.

ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران و سەردانیکەران لەم رووداوەدا، جگە لە رەخساندنی دیمەنێکی گەشتیاریی زیندوو بۆ دەربەندیخان، هاندانێکی بەهێزە بۆ بەردەوامیی کەرتی کشتوکاڵ و بووژانەوەی ئابووریی ئەو خێزانانەی بە کاری کشتوکاڵییەوە خەریکن.

بەشداربوویەکی فێستیڤاڵەکە بەناوی دیە سامان، سەبارەت بە چالاکییەکە گوتی: "لە سلێمانییەوە هاتووم و خواردنە کوردەوارییەکانم هێناوە، خۆشبەختانە دوای چەند کاتژمێرێک سەرجەم خواردنەکانم ساغکردووەتەوە".

هاوکات نەویس تۆفیق، کە بەشداربوویەکی دیکەی فێستیڤاڵەکەیە، گوتی: "بەرهەمی جۆراوجۆری وەک کەلانە و دۆمـمان هێناوە، چونکە ئەم جۆرە خواردنانە خواستی زۆریان لەسەرە".

سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە، ژیار کەمال دەربارەی وردەکارییەکانی چالاکییەکە گوتی: "فێستیڤاڵەکە نزیکەی 30 کەپر لەخۆدەگرێت و بۆ ماوەی یەک رۆژ بەردەوام دەبێت. تێیدا هەموو جۆرە خواردنێکی خۆماڵی ئامادەیە و گەشتیارێکی زۆر سەردانیان کردووە".

سارا جەمال، بەشداربوویەکی دیکەی فێستیڤاڵەکە دەربارەی بەرهەمەکانی گوتی: "هەنگوینی شاخی شەمێرانم هێناوە کە سروشتی، پوخت و سافە. ئەم بەرهەمە بۆ مەبەستی چارەسەری پزیشکی بەکاردێت و بەتەواوی رەسەنە".

جگە لە جووتیاران، دەیان گەشتیار و سەردانیکەریش بۆ بینینی دیمەنی فێستیڤاڵەکە و چێژوەرگرتن لە ژینگە و سرووشتی شەمێران سەردانی ناوچەکەیان کردووە و تاقیکردنەوەی بەرهەم و خواردنە خۆماڵییەکان یەکێک بووە لە چالاکییە سەرەکییەکانیان.

ئەم فێستیڤاڵە هەوڵێکە بۆ ناساندن و بەبازاڕکردنی بەرهەمە ناوخۆیییەکان و ئاشناکردنی گەشتیاران بەو ناوچە گەشتیارییە. گەشتیاران لەم رێگەیەوە کاتێکی پڕ چێژ لە سروشتدا بەسەردەبەن و کاسبکارانیش دەتوانن بەرهەمەکانیان پێشکەش بکەن و بژێوی ژیانیان دابین بکەن.