دێرەزوور.. گرووپە چەکدارەکانی سەر بەحکوومەتی سووریا هێرشیان کردە سەر هەسەدە

هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' ڕایگەیاند، لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور هێرشێکی چەکدارییان کراوەتە سەر لەلایەن گرووپە سەربازییەکانی سەر بە حکوومەتی سووریاوە .

یەکشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2025، ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق، کاتژمێر 9:00ـی بەیانی لە نزیک پردی ئەلعەشارە لە شارۆچکەی دەرنەج لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور پێگەکانی ئێمەیان کردە ئامانج، ئەمەش هاوکات بووە لەگەڵ تێپەڕبوونی کۆمەڵێک قاچاخچی بە ڕووباری فوڕات. 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەسەدە حکوومەتی سووریای بە بەرپرسیاری ئەم هێرشە زانی و تۆمەتباری کرد بە دابینکردنی کەرەستە بۆ ئەو گرووپانەی قاچاخچێتی دەکەن و هەڕەشەن لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

چوارشەممەی ڕابردوو، لە ناوچەی دێرحەفەر و دەوروبەری کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب، گرژیی سەربازیی لەنێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا ڕوویدا و یەکتریان تۆپبارانکرد. 

ئەم هەڵکشانە لە کاتێکدایە ترسی ئەوە هەیە کە پێکدادانەکان فراوانتر بن و کاریگەریی لەسەر دانوستانەکانی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات هەبێت .

 

 
Fly Erbil Advertisment