عێراق.. هۆشداریی لە کارەساتی مرۆیی دەدرێت

دیمەنی وشکبوونی زۆنگاوی جەبایش لە پارێزگای زیقار - وێنە AFP
دیمەنی وشکبوونی زۆنگاوی جەبایش لە پارێزگای زیقار - وێنە AFP

سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق هۆشداری دا لە کارەساتێکی مرۆیی لە عێراق ئەویش بەهۆی کەمئاویەوەیە.

سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2025، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "عێراق بەهۆی قەیرانی کەمئاویی و ئەو کێشانەی کاریگەریی کردووەتە سەر ژێرخان و هاووڵاتییان کە بەبێ چارەسەرکردن مانەتەوە، لەبەردەم کارەساتێکی مرۆیی دایە."

ئاماژە بەوەش کراوە، دووبارەبوونەوەی ڕووداوە دڵتەزێنەکانی وەک ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانە و بازاڕەکان، قەیرانەکانی ژینگە و کەشوهەوا، تەندروستی، شوێنی حەوانەوە و ژیانێکی شایستە ،مەترسیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ هەیە، جەختیشی کردەوە، کاردانەوەی لاوازی حکوومەت و پلانی خۆپارێزی نابەجێ، بەشدارە لە مەترسی خستنە سەر ژیانی هەزاران هاووڵاتی.

سەنتەرەکە، داوای لە حکوومەتی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، ستراتیژییەکی نیشتمانی گشتگیر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە پێشبینیکراوەکان دابڕێژن، هاوکات بەشداریکردنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە چاودێریکردنی ئەنجامدان و جێبەجێکردنی چارەسەرەکان.

سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە پاڵپشتی عێراق بکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، هەروەها داوای لە دەوڵەتان کرد ڕێز لە پشکی ئاو بگرن، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بۆ پاراستنی ئاشتی مەدەنی و مافی ملیۆنان عێراقی کە بەهۆی تینوێتی و ئاوارەبوونی زۆرەملێیەوە مەترسییان لەسەرە.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment