لازارینی: ئیسرائیل لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا 10 باڵەخانەی ئۆنروای لە غەززە بۆمباران کردووە

فیلیپ لازارینی، کۆمیسیاری گشتیی ئاژانسی فریاگوزاری و  هاوکاریی پەنابەرانی فەڵەستینی 'ئۆنروا' ئاشکرای کرد ئیسرائیل تەنیا لە  چوار ڕۆژی ڕابردوودا 10 باڵەخانەی سەر بە ئاژانسەکەی لە شاری غەززە بۆمباران کردووە، کە بریتین لە حەوت قوتابخانە و دوو نۆرینگە و وەک پەناگە بۆ هەزاران ئاوارە بەکار دەهێنران.

ماوەی چەند ڕۆژێکە، ئیسرائیل دەستی بە هەڵمەتێکی وێرانکردنی باڵەخانە بەرزە نیشتەجێبوونەکانی شاری غەززە کردووە. ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی ژمارەی خێزانە ئاوارەکان سەختکردنی بارودۆخی گوزەرانیان. لە هەمان کاتدا، چاودێران هۆشداری دەدەن کە مەبەست لەم کارە، کۆچپێکردنی زۆرەملێی فەلەستینییەکانە بەرەو باشووری غەززە، لە چوارچێوەی پلانێکی فراوانتری ئیسرائیلی-ئەمەریکی بۆ دەرکردنیان لە کەرتی غەززە.

 ئاژانسە نێودەوڵەتییەکە لەسەر پلاتفۆرمی "ئێکس"  وتەکانی لازارینی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە "هیچ شوێنێک و هیچ کەسێک لە شاری غەززە و باکووری کەرتی غەززە پارێزراو نییە، لە کاتێکدا کە هێرشە ئاسمانییەکان توندتر دەبن و فەڵەستینییەکانی زیاتر ناچار دەکات بەرەو چارەنووسێکی نادیار ئاوارە بن."

لازارینی،  لەبارەی دۆخی شاری غەززەوە گوتی: ناچار بووین چاودێریی تەندروستی لە کەمپی 'شاتی' ڕابگرین، کە تاکە شوێنی بەردەست بوو لە غەززە. هەروا ئێستا خزمەتگوزاری ئاو و ئاوەڕۆ نیوەی توانایان کار دەکەن.

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیشی: تەنیا لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا، 10 باڵەخانەی سەر بە ئۆنروا لە شاری غەززە وێران کراون، لەوانەش 7 قوتابخانە و دوو نۆرینگە کەوەک پەناگە بۆ هەزاران ئاوارە بەکار دەهێران."

کۆمیساری گشتیی ئۆنروا، لە کۆتاییدا دەپرسێت " گرتنەبەری ڕێوشوێن بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی دەستبەجێ، چەند کاتی پێویستە؟"

لازارینی، ئاماژەی بەوەش کرد تیمەکانی ئۆنروا، کە ژمارەیان دەگاتە 11 هەزار کەس، بەردەوامن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گرنگەکان لە بەشەکانی دیکەی کەرتی غەززە. ئەو تیمانە، سەرەڕای هەموو سەختییەکان، پابەندن بە خزمەتکردنی دانیشتوانی غەززە، لە کاتێکدا لە بارودۆخێکی زۆر نامرۆڤانەدا دەژین.

بەپێی نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی غەززە، لە 11ـی ئابی ڕابردووەوە، سوپای ئیسرائیل لە شاری غەززە هەزار و 600 باڵەخانەی نیشتەجێبوونی بە تەواوی وێران کردووە. هەروەها نزیکەی دوو هەزار باڵەخانەی دیکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیانیان پێ گەیشتووە، جگە لە 13 هەزار خێوەت، ئەوەش بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 100 هەزار کەس کە لەو خانوو و خێوەتانەدا نیشتەجێ بوون.

 ئیسرائیل بە پشتیوانی ئەمەریکا، لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023ەوە هێرشی کردووەتە سەر کەرتی غەززە و تا ئێستا 64 هەزار و 871 فەڵەستینی کوژراون و 164 هەزار و 610 کەسیش بریندار بوونە، کە زۆربەیان  ئافرەت و منداڵن. جگە لە ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس. کەمخۆراکی و برسییەتیش بوونەتە هۆی گیان لەدەستدانی 422 فەڵەستینی، لەنێویاندا 145 منداڵ.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment