کۆمپانیای مێتا هەژماری بەکارهێنەرانی خوار تەمەن 16 ساڵان دەسڕێتەوە
کۆمپانیای 'مێتا' کە خاوەندارێتی فەیسبوک دەکات، هەژماری هەموو ئەو بەکارهێنەرە تەمەن 16 ساڵانەی ئوسترالیان دەسرێتەوە، جێبەجێ کردنی بڕیارەکەش بە قۆناغ دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆمپانیای تەکنەلۆژیی "مێتا"ـی ئەمەریکی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دەست دەکات بە سڕینەوەی هەژماری بەکارهێنەرە ئوسترالییەکانی خوار تەمەن 16 ساڵ لە پلاتفۆرمەکانی "ئینستاگرام"، "سرێدز" و "فەیسبووک".
گوتەبێژێکی کۆمپانیاکە ڕایگەیاند، کار لەسەر سڕینەوەی هەژماری سەرجەم ئەو بەکارهێنەرانە دەکەین کە پێمان وایە تەمەنیان لە خوار 16 ساڵەوەیە، بڕیارەکەش تا 10ـی کانوونی یەکەم دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام پابەندبوون بە یاساکەوە پڕۆسەیەکی بەردەوام و قۆناغ بە قۆناغ دەبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوانەی هەژمارەکانیان دەسڕێتەوە، دەتوانن لە کاتی گەیشتن بە تەمەنی 16 ساڵی هەژمارەکانیان وەک خۆی و بە هەمان ئەو ناو و ناوەڕۆکەی پێش سڕینەوەی تێیدا بووە، بگێڕنەوە و بەکاری بهێننەوە.
پێشبینی دەکرێت ئەم ڕێکارە سەدان هەزار هەرزەکار بگرێتەوە هەروەها پلاتفۆرمەکانی "تیکتۆک"، "سناپچات" و "تویچ"ـیش دەگرێتەوە، تەنیا پلاتفۆرمی "ئینستاگرام" نزیکەی 350 هەزار بەکارهێنەری ئوسترالی هەیە کە تەمەنیان لەنێوان 13 بۆ 15 ساڵدایە.
ئەگەرچی تا ئێستا "واتسئاپ"ـی سەر بە کۆمپانیای"مێتا" و "پینترێست" و پلاتفۆرمی یارییە ئەلیکترۆنییەکانی "رۆبلۆکس" لەم بڕیارە بەدەر کراون.
ڕۆژی چوارشەممە، پلاتفۆڕمی پەخشی ڤیدیۆیی "یوتیوب"، قەدەغەکردنی هەرزەکارانی ئوسترالی لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە "پەلەکردن" وەسف کرد، بەڵام جەختی کردەوە، کە سەرجەم ئەو بەکارهێنەرانەی دەکەونە چوارچێوەی ئەو تەمەنەوە، لە 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەشێوەیەکی خۆکار هەژمارەکانیان دەسڕدرێنەوە.
کۆمپانیاکە پشت بە داتاکانی بەکارهێنەران لە هەژمارەکانی "گووگڵ" دەبەستێت کە خۆیان تۆمار کردووە و بۆ چوونە نێو "یوتیوب" بەکاریدەهێنن.
ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بە "پلاتفۆرمی فشاری کۆمەڵایەتی، هۆکاری دڵەڕاوکێ، ئامرازێک بۆ ساختەکاران، و لە هەمووشیان خراپتر، بۆ دەستدرێژیکارانی سەر ئینتەرنێت" وەسف کرد.
