هەرچوار مەرزە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان دەکرێنەوە

جووتیار عادل: لەمەودوا هەرکەسێک ماسک نەبەستێت، سزادەدرێت

K24 - هەولێر

ئەنجوومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ئەمڕۆ چەند بڕیارێکی بۆ تووندکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا دا، لەبەرامبەردا بڕیاریشی دا مەرزە فەرمییەکان بەڕووی هاتووچۆی هاووڵاتییان بکرێنەوە.

لەپێناو رێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا و بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی نوێی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە هەولێر کۆبووەوە. دواتر هەریەک لە گوتەبێژی حکومەت، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ وەزیری پەروەردە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان ئاشکرا کرد.

جوتیار عادل، گوتەبیژی حکومەت رایگەیاند "رێگە لە هەموو جۆرە گردبوونەوەیەکی کۆمەڵایەتی دەگیرێت و رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا تووندتر دەکرێن... لە کۆبوونەوەکەدا جەختمان کردەوە لەوەی: دەبێت سزای نەبەستنی ماسک جێبەجێ بکرێت، کە پێشتر بڕیاری لەبارەوە درابوو".

هەر لەبارەی بەستنی ماسکەوە، کە یەکێکە لە سەرەکیترین رێگەکانی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، گوتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوە دا "هەرکەسێک ماسک نەبەستێت، سزادەدرێت بەپێی هەندێک رێکار کە دواتر وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگاکان ئەو میکانیزمە دادەنێن".

سەبارەت بە خاڵە سنوورییەکان، جوتیار عادل رایگەیاند "هەر چوار خاڵی سنووریی: باشماخ، حاجی ئۆمەران، پەروێزخان و ئیبراهیم خەلیل دەکرێنەوە، بەمەرجێک سەنتەری پشکنین هەبێت و چاودێری هەبێت".

هەروەها گوتی "هاووڵاتییانی کوردستان دەتوانن سەردانی تورکیا و ئێران بکەن"، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکیش سەبارەت بەوەی ئایا هاتووچۆکە ئەو ئاوارانە دەگرێتەوە کە خەڵکی "ئێران یان تورکیان"، جوتیار عادل گوتی "کە خاڵە سنوورییەکان دەکرێنەوە، واتا هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە بۆ سەرجەم هاووڵاتییان، بەمەرجێک پشکنینیان بۆ بکرێت".

 

هـ.ر. 

Fly Erbil Advertisment