بەرگری مرۆڤ دژی کۆرۆنا چەند دەمێنێتەوە؟

جیاوازی لە نێوان کەسەکان هەیە

K24- هەولێر:

بەرگری مرۆڤ دژی کۆرۆنا لە دوای چاکبوونەوە لە کۆرۆنا دەکرێت چەند مانگێک لەناو مرۆڤەکەدا بمێنێتەوە، بەڵام بۆ هەموو کەسێک ئەوە راست نییە.

بەگوێرەی دواین توێژینەوە، مانەوەی بەرگری دژی کۆرۆنا لە کەسێک تا کەسێکی دیکە جیاوازی هەیە.

دیپا باتاچاریا، پسپۆڕی بواری بەرگری لەشی مرۆڤ لە زانکۆی ئاریزۆنا بە سی ئێن ئێن گووت، هەندێک کەس ماوەی حەوت مانگ بەرگری دروست دەکەن، بەڵام هەندێکی دیکە دەکرێت چوار بۆ  پێنج مانگ بەرگریان هەبێت.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە، پلازمای چاکبووەوانی کۆرۆنا، لە ماوەیەکی کەم  زۆر بەهێز دەبێت بەرامبەر بە کۆرۆنا، بەڵام ئەمە خێرا گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، چەند حاڵەتێک تۆمار کراوە، کە کەسەکە بۆ دووەم جار تووشی کۆرۆنا بووە و تەندروستی لە پێشوو خراپتر بووە، بەڵام ئەمە بەهۆی جیاوزی لە جۆری ڤایرۆسەکەیە نەک بەرگری کەسەکە.