خوێندنەوەی کتێبەکانی دەمیرتاش لە زیندان ڕێگری لێدەکرێت

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی ئاماژە بەوە دەکات، لە زیندانی سولوجا لە شاری ئەدەنە ڕێگە نادرێت کتێبەکانی سەڵاحەدین دەمیرتاش بگاتە دەستی زیندانییان  و پێشووتریش ئەم حاڵەتە بۆ کتێبی نوسەرێکی دیکە کورد هەبووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025، عەلی بۆزان پەرلەمانتاری یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە پەیامێکی ڤیدیۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی بەندینخانەی سولوجا لە ئەدەنە ڕێگەیان نەداوە کتێبەکانی "داد" و "عەرەفتا دوێت"ی سەڵاحەدین دەمیرتاش بگاتە دەستی زیندانییان بە بیانووی هەستیاری ناوەڕۆکی کتێبەکان.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کردووە، گوایە کتێبە کوردییەکان لە بەندینخانە ڕێگەپێدراون، بەڵام ئەمە تەنیا  قسەیە و بە کردار بوونی نییە.

هەروەها باسی لەوە کردووە، لە ڕابردوو کتێبی" سێبەری خۆشەویستی" محەممەد ئوزن، لەلایەن بەرپرسانی هەمان بەندینخانەوە ڕێگە نەدراوە بە زیندانییان بدرێت، بەڵام دوای هەشت مانگ پێیان گەیشتووە.

دەمیرتاش و نووسین لە زیندان

لەو کاتەی سەڵاحەدین دەمیرتاش زیندانیکراوە، چەندین بەرهەمی نووسینی بڵاوکردووەتەوە و بەشێک لە بەرهەمەکانی وەرگێڕاونەتە سەر زمانی بیانی و کوردی، لە نێوخۆیی تورکیا پێشوازییەکی گەرم لە بەرهەمەکانی کراوە.

دەوران، سەحەر، ئەفسوون، لەیلان، داد، جەمال. لە دیارترین کتێبەکانی دەمیرتاشن لە زیندانەوە نووسراون.

سەڵاحەدین دەمیرتاش ساڵی 1973 لە پارێزگای خارپێتی باكوری كوردستان لە دایك بووە و هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە بوو، 

لە چواری تشرینی یەكەمی 2016 لەگەڵ فیگەن یوكسەكداغ ئەندام پەرلەمانی ھەدەپە دەستگیرکراون و تاوەکوو ئێستاش لە گرتووخانەیە.

Fly Erbil Advertisment