رووسیا دووەم ڤاکسینی دژی کۆرۆنای پەسەند کرد

پوتن: 60 هەزار دانە لەو ڤاکسینە نوێیە بەمزووانە بەرهەمدەهێنرێن

 

K24 - هەولێر

رووسیا لە هەوڵدایە ببێتە یەکەم وڵات لە دروستکردن و دابەشکردنی ڤاکسینێکی دژی کۆرۆنا بۆ کۆتاییهێنان بەو پەتا جیهانییە، لەو چوارچێوەیەشدا رەزامەندیی لەسەر دووەم ڤاکسین دا.

ڤلادمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا دوێنێ (چوارشەممە، 14-10-2020) رایگەیاند، ئەو ڤاکسینە لە تاقیگەکانی سەنتەری نیشتمانیی ڤایرۆلۆجی و بایۆتەکنەلۆجیی ڤیکتۆر دروستکراوە، رەزامەندیی لەسەردرا.

لە مانگی ئابی ئەمساڵ، رووسیا بووە یەکەم وڵات لە دروستکردنی یەکەم ڤاکسینی دژی کۆرۆنا بەناوی سپۆتنیک ڤی و، گرێبەستی لەگەڵ چەند وڵاتێک کردووە بۆ فرۆشتنی یەک ملیار لەو ڤاکسینە، لەنێویشیاندا عێراق.

پوتن ئاشکرای کرد 60 هەزار دانە لەو ڤاکسینە نوێیە کە ناوینراوە ئێپی ڤاک کۆرۆنا، بەمزووانە بەرهەمدەهێنرێن.

بەگوتەی نووسینگەی داهێنان لە رووسیا، ڤاکسینەکە بەو شێوەیە کاردەکات؛ سیستەمی بەرگریی جەستە رادەهێنێت بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بکات لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

رووسیا هیچ داتایەکی لەبارەی قۆناغە سەرەتاییەکانی تاقیکردنەوەی ڤایرۆسەکە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی رووسی دەڵێن "ڤاکسینەکە تاقیکراوەتەوە، سەلامەتە و کاریگەریی هەیە".

سەنتەری ڤیکتۆر بەنیازە ڤاکسینەکە لەسەر 40 هەزار کەس تاقیبکاتەوە، هەروەها لە لێکۆڵینەوەیەکی جیادا ڤاکسینەکە لەسەر 150 کەسی تەمەن سەروو 60 ساڵ تاقیدەکرێتەوە.

رەزامەندیدان لەسەر ئەو ڤاکسینە نوێیە لەکاتێکدایە؛ رووسیا چوارەمین وڵاتی جیهانە لەڕووی زۆریی ئامارەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا و تائێستا زیاتر لە 1.3 ملیۆن کەس لەو وڵاتە تووشی کۆرۆنا بوون، دوێنێش رووسیا زۆرترین تووشبوونی لە رۆژێکدا تۆمارکرد کە 14 هەزار و 231 کەس بوون، ئەمەش جگەلەوەی تائێستا زیاتر لە 23 هەزار کەس بەو پەتایە لە رووسیا گیانیان لەدەستداوە.