ئیسماعیل بەقایی: ناتوانین بۆ هەمیشە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سووریا بپچڕێنین

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هاوبەشی بۆچوونی دیمەشقە بەوەی پچڕاندنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، نابێت هەمیشەیی بێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17 ئەیلوولی 2025، ئیسماعیل بەقایی، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا ڕایگەیاند، "پێمان وایە داهاتووی سووریا دەبێت لەلایەن گەلەکەیەوە بڕیاری لەسەر بدرێت، هاوکات دەستەبەری مافەکانی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانیش بکرێت."
بەقایی گوتیشی: "ئێران ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریا دەکات"، ئاماژەی بەوەشکرد، "تاران پابەندە بە یەکپارچەیی و سەروەری خاکی سووریا."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێران پەلە ناکات بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا"، دەشڵێت "ئەم هەنگاوە کاتێک ڕوودەدات کە بەرپرسانی سووریا بڕیار بدەن کە هاریکاری لەگەڵ ئێران و خزمەت بە بەرژەوەندی گەلەکەیان بکات."
ئیسماعیل بەقایی باسی لەوەش کرد، "تاران بە تەواوی ئامادەیە بۆ ئەوەی بەشداری لە ئاوەدانکردنەوە و فراوانکردنی هاوکاریی دووقۆڵی بکات، هەرکاتێک هەلومەرجی گونجاو لەبەردەستدا بێت."