تەواو؛ کریستیانۆ رۆناڵدۆ دێتە بەغدا و رووبەڕووی ئاکام هاشم دەبێتەوە
یانەی نەسڕ لیستی یاریزانەکانی بۆ عێراق رەوانە کردووە

یانەی نەسڕی سعوودی لیستی یاریزانەکانی بۆ یاریی بەرامبەر زەوڕا بۆ عێراق رەوانە کردووە و کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە لیستەکەدایە و دێتە بەغدا.
غەیس عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکی دەستەی کاتی یانەی زەوڕا رایگەیاندووە :'یانەی نەسڕی سعوودی لیستێکی 100 کەسی بۆ رەوانە کردووین بۆ ئەوەی رێککارەکانی وەرگرتنی ڤیزا و گەشتەکەیان بۆ بەغدا رێکبخرێت، ناوی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە لیستەکەدایە و هاتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کاریگەرییەکی زۆر و لێکەوتەی گەورەی دەبێت و عێراقییەکان پێی دڵخۆش دەبن:'
وابڕیارە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا2 زەوڕا لە کۆمەڵەی چوارەم رۆژی 1ـی مانگی داهاتوو لە بەغدا میوانداریی نەسڕی سعوودی بکات، کە یارییەکە لە یاریگای زەوڕا لە بەغدا دەکرێت و زەوڕا وەکو نوێنەری عێراق بەشداریی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا2 دەکات، لەکاتێکدا پێشتر بەگوێرەی راسپاردەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەبووایە دهۆک وەکو پاڵەوانی جامی عێراق نوێنەرایەتی عێراقی لەم پاڵەوانێتییە کردبا.
