سوپای ئیسرائیل هێرشی زەمینی بەرەو باکووری غەززە دەستپێکرد

سەرچاوە فەڵەستینییەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2025، ڕایانگەیاند، سوپای ئیسرائیل هێرشی زەمینی بەرەو باکووری ڕۆژئاوای شارەکە دەستپێکرد و ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری تەقاندنەوەی ئەو بۆمبانەی ماونەتەوە کە سوپا لە ناوچەکانی باکووری کەرتی غەززە دایناون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی وافا، سەرچاوە پزیشکییەکان ڕایانگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، 99 فەڵەستینی لە ئەنجامی هەڵمەتەکانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون، کە 77 کەسیان لە باکووری کەرتەکە بوون.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، هێرشەکانی ئیسرائیل ناوچە جۆراوجۆرەکانی کەرتی غەززەی کردووەتە ئامانج، لەوانەش خێوەتگەی ئاوارەکان، ماڵەکان، تاوەرەکانی نیشتەجێبوون، و کۆبوونەوەی خەڵکی مەدەنی و ئەوانەی چاوەڕێی یارمەتین.
پێشتر یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هەڕەشەی لە حەماس کرد، ئەگەر مەرجەکانی ئیسرائیل جێبەجێ نەکات، ئەوا "غەززە لەناو دەچێت و دەبێتە یادگاری تاوانەکانی دەستدرێژی و کوشتنی حەماس." کاتز ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا گوتی: "ئەگەر حەماس ڕفێندراوەکان ئازاد نەکات و چەک دانەماڵێت، غەززە لەناو دەچێت."
سوپای ئیسرائیل دەستی بە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانی کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە هۆشداری نێودەوڵەتی لەبارەی کارەساتی مرۆیی نزیک لە کەرتی غەززەدا هەیە. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، سوپای ئیسرائیل هۆشدارییەکانی بۆ دانیشتوانی شاری غەززە چڕتر کردووەتەوە، کە دەکەوێتە باکووری کەرتی غەززە و داوای لێکردوون بچنە "ناوچەیەکی مرۆیی" کە لە باشووری کەرتی غەززە دامەزراندووە، لە کاتێکدا خۆی ئامادە دەکات بۆ دەستپێکردنی هێرشێک بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی ئەو شارە.
لای خۆیەوە بزووتنەوەی حەماس فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلی لەو شارە بە "لاپەڕەیەکی نوێ لە شەڕی سیستماتیکی کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردنی نەتەوەیی دژی خەڵکی غەززە" وەسف کردووە.
هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بەشێکی زۆری شاری غەززەی بۆ داروپەردوو بچووک کردووەتەوە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی حەماس، هەڵمەتە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە لانیکەم 64 هەزار و 964 کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنین.