بەریتانیا دوای سەردانەکەی ترەمپ، دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت

ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بەفەرمی داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین ڕادەگەیەنێت. ئەم بڕیارە دوای کۆتایی هاتنی سەردانە فەرمییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ بەریتانیا دێت.

ستارمەر ڕاگەیاندنەکەی بۆ دوای ڕۆیشتنی ترەمپ دواخست، بەهۆی ترس لەوەی ئەم پرسە کاریگەری لەسەر کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکە بکات کە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوول، لەنێوان هەردوو سەرکردەدا ئەنجام بدرێت.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە مانگی تەممووزی ئەمساڵ ڕایگەیاندبوو، لەندەن ئەم هەنگاوە دەگرێتەبەر ئەگەر ئیسرائیل هەنگاو نەنێت بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی غەززە و نەگاتە ئاگربەست لە شەڕی نزیکەی دوو ساڵەی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس.

دۆناڵد ترەمپ، مانگی تەممووزی ئەمساڵ ڕایگەیاندبوو، ئەگەر بەریتانیا هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێت، هیچ کێشەیەکی نییە. بەڵام ئەمەریکا دژایەتی خۆی بۆ هەر کارێکی لەو جۆرە لەلایەن هاوپەیمانە ئەورووپییەکانییەوە بە ڕوونی ڕاگەیاندووە.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، کە یاوەری ترەمپە لە سەردانەکەی بۆ لەندەن، ئەم هەفتەیە پشتیوانی خۆی بۆ ئیسرائیل دەربڕی. ڕوبیۆ ڕایگەیاندووە، دانپێدانانی فەرمی بە دەوڵەتی فەڵەستین "ئەگەری ئاشتی کەمتر دەکات" و "دانوستانەکان قورستر دەکات"، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی "کاردانەوەی دژە ئیسرائیل." ئیسرائیل دەڵێت داننان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینی پاداشتی حەماس دەداتەوە.

فشارەکان لەسەر ستارمەر لەناو پارتی کرێکاران زیاتر دەبن، سێیەکی ئەندامانی کابینەکە داوا لە سەرۆک وەزیران دەکەن دان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینیدا بنێت، هاوکات زیاتر لە 130 پەرلەمانتاری ئەو پارتە نامەیەکیان واژۆ کردووە کە پشتگیری لەم هەنگاوە دەکەن. بەریتانیا لە مێژە پشتگیری لە "چارەسەری دوو دەوڵەت" دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکانی ناوچەکە، بەڵام پێشتر ڕایگەیاندبوو، ئەمە تەنیا لە کاتی خۆیدا ڕوودەدات.

بڕیارە فەرەنسا، کەنەدا، ئوسترالیا و وڵاتانی دیکە، هاوشانی بەریتانیا، لە میانی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی گشتییدا، دانپێدانانی خۆیان بە دەوڵەتێکی فەڵەستین ڕابگەیەنن.

لە کۆتایی مانگی تەممووزدا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دەنێت، لەو کاتەوە زیاتر لە 10وڵاتی ڕۆژئاوا ڕایانگەیاند، شوێنپێی فەرەنسا دەگرن. سعوودیە و فەرەنسا بە هاوبەشی سەرۆکایەتی کۆنفرانسی چارەسەری دوو دەوڵەتییان کرد، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ دەستیپێکرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کۆدەنگییەکی جیهانی لەسەر یەکلاییکردنەوەیەکی "دادپەروەرانە" لەگەڵ پرسی فەڵەستین و ئیدانەکردنی "برسیکردنی غەززە" هەیە.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment