وەزیری دەرەوەی سووریا سەردانی واشنتن دەکات

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی ئیسرائیل و سزا سەپێنراوەکانی سەر دیمەشق.

پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوول 2025، ماڵپەڕی ئەکسیوس، لە زاری یاسادانەران و بەرپرسانی ئەمەریکییەوە بڵاوی کردەوە  "شەیبانی سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکات بۆ ئەوەی لە کونگرێسی ئەمەریکا، سەبارەت بە هەڵگرتنی هەمیشەیی ئەو سزایانەی کە هێشتا لەسەر سووریا هەڵنەگیراون، گفتوگۆ بکات."

ئەم سەردانە، بە یەکەم سەردانی وەزیرێکی دەرەوەی سووریا بۆ واشنتن دادەنرێت لە ماوەی زیاتر لە 25 ساڵدا. دوایین سەردانی هاوشێوە لە کانوونی یەکەمی 1999دا  بوو، کاتێک فاروق شەرع، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی سووریا، سەردانی کۆشکی سپی کرد بۆ گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل.

سیناتۆر لیندسی گراهام، نوێنەری کۆمارییەکان لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور، بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ڕاگەیاندووە "پێشبینی دەکات ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ شەیبانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیران کۆ ببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هەڵگرتنی هەمیشەیی یاسای سزاکانی 'قەیسەر' "

یاسای قەیسەر، یاسایەکی ئەمەریکییە کە لە حوزەیرانی 2020 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و سزای خستە سەر ڕژێمی ئەسەد و هەر لایەنێک کە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، بەتایبەتی لە کەرتەکانی وەک وزە و بیناسازی و دارایی.

گراهام گوتیشی: بۆ پشتیوانیی ئەم هەنگاوە، دەبێت سووریا بە فەرمی بچێتە ناو هاوپەیمانیی دژی داعش و هەنگاو بۆ ڕێککەوتنێکی ئەمنیی نوێ لەگەڵ ئیسرائیل، بنێت.

پێشبینی دەکرێت شەیبانی، ڕۆژی هەینی، لە واشنتۆن لەگەڵ مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کۆ ببێتەوە.

ئەکسیۆس، پێشتر ڕایگەیاندبوو " گفتوگۆکانی ئیسرائیل و سووریا سەبارەت بە ڕێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان هەردوو وڵاتدا پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە."

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەش کرد "سووریا وەڵامی خۆی بۆ پێشنیازەکەی ئیسرائیل سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەمنی پێشکەش کردووە."

 
Fly Erbil Advertisment