سعوودیە و پاکستان ڕێککەوتنێکی بەرگریی هاوبەشیان واژۆ کرد

سعوودیە و پاکستان ڕێککەوتنێکی هاوبەشی بەرگری ستراتیژییان واژۆکرد، کە لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە هەر هێرشێک بکرێتە سەر هەر لایەکیان، بە هێرش بۆ سەر هەردوو وڵات دادەنرێت، ئەمەش هەنگاوێکە بە ئامانجی بەهێزکردنی ڕێگریکردن و بەدەستهێنانی ئاسایشی هاوبەش.
ئاژانسی ڕاگەیاندنی سعوودیە 'واس' بڵاویکردەوە، شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان لەسەر بانگهێشتی شازادەی جێنشینی سعوودیە سەردانی ڕیازی کردووە، لە میانی دیدارەکەیاندا هەردوولا پێداچوونەوەیان بە پەیوەندییە مێژوویی و ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد و ڕێککەوتنێکی بەرگریی هاوبەشیان واژۆ کرد.
لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا کە درەنگانی ڕۆژی سێشەممە بڵاوکرایەوە، ڕێککەوتنەکە لە سەر بنەمایەکی هاوبەشی مێژووییە کە نزیکەی هەشت دەیە دەخایەنێت، هەروەها پەیوەندییەکان لەسەر بەرژەوەندییە ستراتیژییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات دەبێت"، ئاماژە بەوەشکراوە، ئامانجی ڕێککەوتنەکە پەرەپێدانی هاوکاریی بەرگریی و ڕێگریی هاوبەشە لە بەرانبەر هەر هەڕەشەیەک.
ڕێککەوتنەکە لەلایەن محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە و محەممەد شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە ڕیاز واژۆ کرا.
لە دیدارەکەدا هەردوولا باسیان لە پەیوەندییە دوو قۆڵی و لایەنەکانی هاوبەشی ستراتیژی و هەروەها پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و بابەتەکانی بەرژەوەندی هاوبەش کرد، پابەندبوونیان بە بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەکە و جیهاندا دووپاتکردەوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای سعوودیەوە ڕایگەیاندووە، ڕێککەوتنی بەرگریی نێوان سعوودیە و پاکستان ڕەنگدانەوەی هاوکاریی لەمێژینەی نێوان هەردوو وڵاتە و وەڵامدانەوە نییە بۆ ڕووداوە دیاریکراوەکان.
ڕێککەوتنی سعوودیە لەگەڵ پاکستان کە خاوەنی چەکی ئەتۆمییە، دوای نزیکەی هەفتەیەک لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە دێت، کە کۆبوونەوەیەکی بەرپرسانی حەماسی کردە ئامانج.
قەتەریش دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلی ئیدانە کرد و بە "خیانەتکار" وەسفی کرد و ڕایگەیاند، مافی خۆمانە وەڵامی ئەو هێرشە بدەینەوە، کە بەهۆیەوە ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی قەتەر کوژرا.