پەرلەمانتارێک: گەنجانی عێراق لەبەر بێکاری بوونەتە سەربازی ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا

سەرهەڵدانی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی 2022ـەوە، بووەتە هۆی ئەوەی دەزگا گەشتیارییەکان و گرووپەکان ببنە ئامرازێکی کاریگەر بۆ ڕەوانەکردنی گەنجانی عێراقی بۆ جەنگەکە.
ئەم پڕۆسەیە لە دابینکردنی ڤیزای گەشتیارییەوە دەستپێدەکات هەتا گرێبەستی سەربازییان لە سوپادا. لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی بەغدا بێلایەنی خۆی لە شەڕەکەدا ڕاگەیاندووە؛ بەڵام عێراق هاوشێوەی چەندان وڵاتی دیکەی ئاسیا و ئەفریقیا بووەتە سەرچاوەیەکی مرۆیی بۆ دابینکردنی چەکدار بۆ سوپای ڕووسیا.
بەپێی گەواهی و لێدوانی پەرلەمانتاران، لەنێویاندا ئەسکەندەر وەتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری، پاڵنەری سەرەکی بۆ شەڕکردن لەگەڵ ڕووسیا ئابوورییە نەک ئایدۆلۆژی. ناوبراو دەڵێت "پێدانی مووچەیەک لە نێوان 500 بۆ 3000 دۆلاردا دەرفەتێکی سەرنجڕاکێشە بۆ گەنجان، بەتایبەت لە وڵاتێکدا کە ڕێژەی بێکاری لەنێو ئەم توێژەدا دەگاتە 35%."
لە لایەکی دیکەوە، جەعفەر زیارە، شارەزای ئابووری، لاوازی سیاسەتیی ئابووری عێراق بە هۆکاری ئەم دیاردەیە دەزانێت.
لە ڕێگەی نووسینگەکان و بە هاندانی میلیشیاکان، گەنجان بە بانگەشەی بازرگانی و بەڵێنی دامەزراندنی چەواشەکارانە یان دەرفەتی کار وەک شۆفێر یان چێشتلێنەر ڕادەکێشرێن، بەڵام لە ڕاستیدا دەبرێنە بەرەکانی جەنگ و هێڵەکانی پێشەوە.
گەنجێک کە خۆی بە "ئەلمەناسیر" ناساندووە و بۆ کەناڵی "حوررە" قسەی کردووە، ئاماژە بەوە دەکات کە گەنجان مەشقی سەربازی چڕ و فێربوونی زمان وەردەگرن، بەتایبەت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، پاشان ڕۆڵی شەڕکەری مەترسیداریان پێ دەسپێردرێت.
خەمڵاندنەکان ئاماژە بە بوونی هەزاران گەنجی عێراقی لە ڕیزەکانی سوپای ڕووسیا دەکەن، هەروەها باس لەوە دەکەن، نزیکەی 200 گەنج لە شەڕەکەدا کوژراون.
تێوەگلانی عێراقییەکان لە شەڕی ئۆکرانیادا کاریگەریی سیاسی و ئەمنیی هەستیاری هەیە. مەترسییەکە تەنها لە مردنی خۆبەخشەکاندا نییە، بەڵکوو ئەگەری گەڕانەوەی ئەو چەکدارانەیە کە شارەزایی سەربازی و ئایدۆلۆژیای جەنگییان پێ گەیشتووە، ئەمەش دەکرێت دەرگایەک بەڕووی شەپۆلێکی نوێی ناسەقامگیری ناوخۆییدا بکاتەوە.