لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەرزی پێگەیشتنی لیمۆ و گرتنی ئاوەکەیەتی

لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەرزی پێگەیشتنی لیمۆ و گرتنی ئاوی لێمۆیە،لەم وەرزەدا کەسانێک وەکو کاسبییەکی وەرزی لەناو شارەکان ئاوی سروشتیی لیمۆ دەگرن و بە خەڵکی دەفرۆشنەوە. 

ئەو جۆرە ئاوی لیمۆیە خواستێکی زۆری لەسەرە، چونکە هیچ ماددەیەکی زیادەی تێناکرێت و بەتەواوی سروشتی و تازەیە. یەکێک لە فرۆشیارانی ئاوی سروشتیی لیمۆ دەڵێت، نرخەکەی بۆ هاووڵاتییانی ناوخۆ گرانە، بەڵام خواستی لەسەرە، گەشتیارێکی هەولێرییش دەڵێت، شتێکی سروشتییە و هەرزانیشە، بۆیە دەبەیەک دەکڕم و دەیبەمەوە بۆ هەولێر.

لە شاری مەریوان یەکێک لەو کەسانەی ئاوی سروشتیی لیمۆ دەگرێت و دەیفرۆشێت، دەڵێت، لەناو شاری مەریوان و شارەکانی هەرێمی کوردستان و عیراقیشەوە کڕیاری هەیە، هەرچەند لیمۆکە لە پارێزگای شیرازی ئێرانەوە دێنن و نرخەکەی گرانە، بەڵام بۆ هەمووان بە یەک نرخ دەیفرۆشن کە لە سەرەتاوە 90 هەزار تمەن بووە و ئێستا گەیشتووەتە 110 هەزار تمەن.

نەجمە محەمەدی فرۆشیاری ئاوی سروشتی لیمۆ گوتی: بە یەک نرخ ئاوی سروشتی لیمۆ بە عێراقی و ئێرانی دەفرۆشین، دەڵێت: ئاوی لیمۆکە سروشتییە، خەڵک هەیە زۆری دەباتەوە ماڵ.

هاووڵاتییەکی مەریوانی دەڵێت، 10 ساڵە ئاوی لیمۆی پیشەسازییان نەکڕیوە و هەر ئەو ئاوە سروشتییە بەکار دێنن، چونکە لە ئاولیمۆی پیشەسازی باشترە. گەشتیارێکی هەولێرییش دەڵێت، ئەم جۆرە ئاوی لیمۆیە سروشتییە و هەرزانیشە، بۆیە دەیکڕم و دەیبەمەوە بۆ هەولێر.

ئەحمەد بادفەڕ، خەڵکی مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و دەڵێت: خەڵکی مەریوان زۆ سوود لە ئاوی لیمۆکە وەردەگرن، ئەوەی ئاوی لیمۆی نەمێنێت، لەزۆرینەی دووکان و بازاڕەکان لەو ئاوی لیمۆ سروشتییەیان دەست دەکەوێت، گوتی: 15 بۆ کیلۆ لیمۆ دەکەین بە ئاو و بۆ ماوەی ساڵێک بەکاری دێنین و سوودی لێوەردەگرین.

زریان تەها ئەحمەد لە هەولێرەوە چووە بۆ مەریوان و گوتی: ئاوی لیمۆی مەریوان سروشتییە، تامی زۆر تایبەتە، مەبەستمە بیکڕم، نرخەکەشی هەرزانە. 

لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە وەرزی پێگەیشتنی لیمۆدا هاووڵاتییان ڕوو دەکەنە ئاوی تازە و سروشتیی لیمۆ، بەشێکیان لە بازاڕ و لای ئەو کەسانە دەیکڕن کە لەناو بازاڕەکان ئاوی لیمۆ دەگرن و بەشێکیشیان لیمۆ دەکڕن و لە ماڵەوە خۆیان ئاوەکەی دەگرن، ئاولیمۆی تازە پڕە لە ڤیتامین سی و ئەنتی ئۆکسیدان و ئەو ماددانەی سیستمی بەرگریی لەش بەهێز دەکەن، لەبەر ئەوەی هیچ ماددەیەکیشی بۆ پاراستنی تێ ناکرێت، هاووڵاتییان پێیان وایە تەندروستترە و زیاتر ڕووی تێ دەکەن.

 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment