کتێبە کۆنەکانی وەزارەتی پەروەردە لەلایەن کۆمپانیایەکی تایبەت ڕیسایکلین دەکرێن

بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی پەروەردە ئاماژە بەوە دەکات، 22 ملیۆن کتێبی نوێ بۆ پرۆگرامەکانی خوێندنی ئەمساڵ چاپکراون و لەگەڵ کردنەوەی دەرگای خوێندن بە قوتابییان دەدرێن.
سەرتیپ حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: سەرجەم کتێبە کۆنەکانی ساڵانی ڕابردوو بەگوێرەی گرێبەستێکی وەزارەتەکە دەگەڕێتەوە کۆگای ناوەندی.
بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپ و بڵاوکردنەوە گوتی: دوای کۆکردنەوەی سەرجەم کتێبەکان، تەندەر دەکرێن و بە کۆمپانیایەکی ڕیسایکلین دەدرێت بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی بۆ ماددەی دیکە، هەروەها زیاتر لە 22 ملیۆن کتێبی نوێ سەرجەم وانەکان لە قۆناغی باخچەی ساوایان تاوەکوو 12ـی ئامادەیی بە سەرجەم قوتابییان دەدرێن
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کتێبە نوێیەکان لە باشترین چاپخانەی وڵاتی ئیمارات بە کوالێتی بەرز چاپکراون و ئامادەن، هاوکات گۆڕانکاری لە بەشی زۆری پرۆگرامەکان کراوە.
پێشتریش سەرتیپ حەسەن دەربارەی گۆڕانکارییەکانی پرۆگرامی خوێندن باسی لەوە کردبوو، دوو کتێبی نوێی دەروونزانی بۆ قۆناغی ئامادەیی چاپ کراون، بە جۆرێک بابەتەکانی پەیوەست بە هەرزەکاران گرنگی زۆری پێدراوە و مامۆستا دەچێتە قووڵایی بابەتەکانی وەک، سزاکانی خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵاتییەکان و چۆنیەتی خۆپاراستن لە هاککردن و کێشەی کۆمەڵایەتییە هەنووکەییەکان و چەندین بابەتی دیکەی سەردەم باسی لێ کراوە.