کتێبی توێژەرێکی کورد گەیشتە 7 هەزار دامەزراوە و کتێبخانەی جیهان

یەکێک لە 10 بەهێزترین بڵاوکەرەوە زانستییەکانی جیهان کتێبی لێکۆڵەرو ئەکادیمیستی کورد "بەهرۆز جەعفەر" بە زمانی ئینگلیزی لە حەوت هەزار دامەزراوەو کتێبخانەی بەردەست دەخات. کتێبەکە بەناونیشانی "جیۆپۆڵەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرهەڵدانی فرەجەمسەریی: وەرچەرخانی سیاسەتی جیهانی" لە (180) وڵات بەردەست دەبێت و، لە پلاتفۆڕمە بەناوبانگەکانی فرۆشتن نرخەکەی بە پێی وڵات لە نێوان (130 بۆ 307 یۆرۆدایە).
لەبارەی ناوەڕۆکی کتێبەکەوە هەریەکە لە سپرنگە، ئەمازۆن، بارنێس نۆبڵ ، گۆگڵ بووک و بووک شۆپ و دەیانی تر نووسیویانە؛ ئەم کتێبە بە قەبارەی (198) لاپەڕە لە وەرچەرخانی دەستەڵاتی جیهانی لە یەک تاکە زلهێزی باڵادەستەوە بۆ جیهانێک کە چەندین یاریزانی کاریگەری تێدایە، دەکۆڵێتەوە. لەناو نەزمێکی نوێدا کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیاو زیرەکی دەستکرد هاوشانی ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکانی دیکە سیستەمی جیهانی لە قاڵب دەدەنەوە. کتێبەکە سەرەتا تیشک دەخاتەسەر جەمسەرگیریی لە ئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دا، نووسەر چرکەساتێکی نوێ دەستنیشان دەکات کە مرۆڤایەتی پێی تێخستوە بەڵام ڕا-نەگەیەندراوە ئەوەش لەنێوان جیهانێکی فرەجەمسەریی و جیهانێکی بێ جەمسەردا دەبێت
کتێبەکە سەراپا کاریگەرییە گەشەسەندووەکانی نەرمە هێزی چین لە ڕێگەی پرۆژەی دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگاوە نیشان دەدات. لەگەڵ ئەمەشدا سیمایەکی دیکە کە لەو نەزمە نوێیە جیهانییەدا هەیە سەرهەڵدان و زیادبوونی ژمارەی 'هێزە مامناوەندەکان'ە، ئەمانە ئەو وڵاتانەن هێشتا زلهێز نین، بەڵام کاریگەرییەکی گەورەیان هەیە لەسەر بڕیارە جیهانییەکان هەیە وەکو (هیندستان، سعودییە، ئیسرائیل، تورکیا، یابان، ئێران، بەڕازیل و..تادوایی) ئەم گەلانە یارمەتیدەرن بۆ دیاریکردنی داهاتوو. لەناو پەرەسەندنی دابەشبوونەکانی نێوان هاوپەیمانییە جیهانییەکانی وەک ناتۆ و بریکس و دابەزینی بازرگانی ئەمریکا و چین، جیهان دەچێتە سەردەمێکی نوێ، لەم سەردەمە نوێیەشدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەقی گۆڕانکارییەکان دەبێت. ئەم کتێبە بە پێشکەشکردنی تێڕوانینێکی بەنرخ سەبارەت بەم گۆڕانکارییانە، سەرنجی خوێندکاران و توێژەران و داڕێژەرانی سیاسەت ڕادەکێشێت کە هەوڵدەدەن لە دیمەنە ئاڵۆزە جیهانییەی ئەمڕۆکە تێبگەن.
جگە لە گرینگی ناوەڕۆکی کتێبەکە بۆ بارودۆخی ناسەقامگیریی ئێستای جیهان، لایەنێکی تر ئەوەیە دوای پیاچوونەوەو گفتۆگۆیەکی زۆر کتێبەکە لەلایەن "سپرینگە-Springer"وە وەرگیراوە و بڵاوکراوەتەوە؛ ئەم ناوەندە سەرەتا ساڵی (1842) لە بەرلین دامەزراوە، ئیمڕۆکە لە (40) پایتەختی گەورەی جیهان ئۆفیسی هەیەو یەکێکە لە دە باشترین بڵاوکەرەوەی ئەکادیمی جیهان؛ لە بوارەکانی پزیشکی، ئەندازیاری، زانست، زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەهۆی کوالیتی ئەکادیمی و داهێنان و کاریگەرییە جیهانییەکانیانەوە ناسراون.
بەهرۆز جەعفەر، گەنجێکی لەدایکبووی قەزای چەمچەماڵە، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری ئینستیوتی مێدیتریانەیە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، بڵاوکەرەوەکە لەبارەی ئەوەوە وتویەتی؛ بە شارەزایی زیاتر لە ١٨ ساڵ لە ئاسایشی وزەو جیۆپۆلەتیکی وزە و کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ئامرازەکانی میدیا، گۆڤارە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندەکانی بیرکردنەوەدا دەنگێکی ددانپیانراوە. کتێبی پێشووتری "بەهرۆز جەعفەر" لە لایەن گرووپی ئیمراڵدەوە ساڵی (٢٠٢٤) بەناونیشانی "کۆدەکانی داینامیکییەتی هایدرۆکاربۆن لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی: هەڵدانەوەی وەرچەرخانێکی ناوچەیی" لە (140) وڵاتدا بڵاوکرایەوەو بەردەستە بۆ فرۆشتن.
گرینگیی کتێبەکە بۆ ئێستای جیهان
بڵاوکەرەوە زانستییەکە کە ئەرکی نرخدانان و بەبازاڕکردن و دابەشکردنی لە ئەستۆیە، نووسیوییەتی ئەم کتێبە زۆر لەکاتی خۆیدایەو ناوەڕۆکێکی بەهێزی هەیە، بۆ خوێندکارانی خوێندنی باڵا و درووستکەرانی بڕیاری جیهانی و ناوچەیی گرینگە:
· بریکس و داهاتووی دراوی جیهانی: ئەم کتێبە شیکارییەکی گشتگیر لە بریکس و دیمەنی دارایی جیهانی پەرەسەندوو پێشکەش دەکات، کە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی بۆچی هەوڵەکان بۆ داماڵینی دۆلار لە کۆتاییدا ڕەنگە شکست بهێنن. سەرەڕای ئاستەنگەکان، دۆلاری ئەمریکی وەک دراوی یەدەگی جیهانی باڵادەست دەمێنێتەوە. بۆ گەڕاندنەوەی کاریگەری ئەمریکا و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا، کتێبەکە میکانیزمە ستراتیژییەکان دەخاتە ڕوو کە دەبێت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی جێبەجێی بکەن بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە لەم سەردەمەی گۆڕانکاری جیهانیدا.
· دووبارە پێناسەکردنەوەی سیستەمی جەمسەری نێودەوڵەتی: ئەم کتێبە یەکەم هەوڵە بۆ لێکۆڵینەوە لە پۆتانسێلی گواستنەوە بۆ جیهانێکی پۆست جەمسەر (جیهانێک نە تاک جەمسەرییە، نە جوو جەمسەر، نە فرە جەمسەر). بابەتێکی داهێنەرانە یان ناوازەیە لە ئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها توێژینەوەکە سەرچاوەی جەمسەرگیریی جیهانیی تاوتوێ کردووە، لەوانە چەمکەکانی یەک جەمسەری، دوو جەمسەری و فرە جەمسەری. جگە لەوەش لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییە بەرفراوانەکانی هێزی نەرمی چینی لەسەر جیهان بەگشتی دەکات، بە گرنگیدانێکی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
· تێگەیشتن لە داینامیکی جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: کتێبەکە یەکەم کتێبە کە داینامیکی جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژێر ڕۆشنایی دەرئەنجامەکانی شەڕی غەززە لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ نیشان دەدات، تیشک خستنە سەر ناوچەکە لە چەند گۆشەیەکی جیاوازەوە، لەوانە کۆنتێکستی مێژوویی (وەک میراتی کۆلۆنیالیزم و سەردەمی دوای ئیمپراتۆریەتی عوسمانی)، ڕکابەرییە جیۆپۆلیتیکییەکان و هۆکارە ئابوورییەکان. هێما بۆ پەرەسەندنی کاریگەرییەکانی کەنداوی عەرەبی دەکات، بەتایبەتی سعودیە وەک زلهێزێکی ناوەند لە ئاستی جیهانیدا و زلهێزێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر دەکات. سەرەڕای ئەوەش، تەحەدداکانی داهاتوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستنیشان دەکات، وەک؛ نەبوونی دامەزراوەی بەهێز، بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، قەیرانی کەمی ئاو، ئاسایشی وزە.
· تیشک خستنە سەر خاڵی وەرچەرخانی جیهانی: ئەم لێکۆڵینەوەیە یەکەم کتێبە کە بەدواداچوون بۆ ئەو خاڵە وەرچەرخانە جیهانییە دەکات کە بەهۆی حەتمییەتی تەکنەلۆژی (Technological Determinism)، و زیرەکی دەستکرد-AI و دەستپێشخەری پشتێنە و ڕێگای چینەوە هاتۆتە ئاراوە؛ ڕۆڵی یەکلاکەرەوانەی زلهێزە مامناوەندییەکان (هێزە مامناوەندییەکان) لە گۆڕانکارییە جیهانییەکاندا، زیادبوونی ڕۆڵی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان (بەتایبەت کۆمپانیا تەکنەلۆژی و سۆشیال میدیاییەکان). بەگشتی، کتێبەکە تێڕوانینێکی تیۆری جەوهەری سەبارەت بە داینامیکە ناوچەیی و جیهانییە پەرەسەندووەکان دەخاتە ڕوو.
· ڕۆڵی چارەنووسی زلهێزە ناوەندەکان لە دیمەنێکی جیهانی گۆڕاودا: ئەم هەوڵەی "د. بەهرۆز جەعفەر" تیشک دەخاتە سەر سەرهەڵدانی زلهێزە مامناوەندییەکان ڕۆڵی چارەنووسسازیان لە داڕشتنی فرەلایەنییەکی نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جیهانییەکان. چیتر هاوپەیمانییە درێژخایەنەکان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کاڵ دەبنەوە، چونکە زلهێزە ناوەندەکان تادێت بەرژەوەندییەکانیان لە گۆڕانی دیمەنی جیهانیدا لە پێشینەدا دادەنێن، ئەمەش دیاردەیەکە کە لە کاروباری نێودەوڵەتیدا وێنەی نەبووە. لە بەهاری عەرەبیەوە تا دوای ململانێی غەززە، کاریگەریی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەمریکاوە بۆ یاریزانە ناوچەییەکانی وەک قەتەر و سعودیە و ئیمارات گواستراوەتەوە. لەم نێوەندەدا ئەمریکا هاوپەیمانی خۆی لەگەڵ هیندستان لە ئاسیادا لە باوەش دەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هیندستان وەک ئەندامی بریکس و کڕیارێکی سەرەکی نەوتی ئێران و تا شەڕی ئۆکرانیا وەک خوازیارێکی سەرەکی چەکی ڕووسیا دەمێنێتەوە.
لەم لینکانەی خوارەوە کتێبەکە بەردەستن:
https://link.springer.com/book/9783032067166
https://www.amazon.ca/Middle-East-Geopolitics-Rise-Multipolarity/dp/3032067162
https://www.orellfuessli.ch/shop/home/artikeldetails/A1076596330
https://eichendorff21.de/buch/9783032067166/