تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 80 هەزار کەس ناویان بۆ حەج تۆمارکردووە

بڕیار وابوو، ڕۆژی شەممە 20ـی ئەیلوول، ناونووسینی حاجیان کۆتایی پێبێت، بەڵام وەزارەتی ئەوقاف ماوەکەی تاوەکوو 26ـی ئەم مانگە درێژکردەوە.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2025، ڕایگەیاند: بەمەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ ھاووڵاتیان، بەھەماھەنگی لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری، ماوەی ناونوسینی حاجیان درێژکرایەوە بۆ 26 ـی ئەیلول2025، تاوەکوو کاتژمێر 12ـی شەو، لە دوای ئەم ڕێکەوتەوە ماوەی ناونوسینی حاجیان کۆتایی دێت و درێژ ناکرێتەوە.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە وەک دەرفەتێک بۆئەوانەی نەیانتوانیووە ناویان لەسیستمی نوێ تۆمار بکەن.
لەسەر ئەم بابەتە، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بەشێک لە هاووڵاتییان داوایان کردبوو، ماوەکە درێژ بکرێتەوە، ئەمەش دەرفەتێکی گونجاوە بۆیان، هەروەها تاوەکوو ئەمڕۆ پێنجشەممە، زیاتر لە 80 هەزار کەس ناویان بە سیستەمی دیجتاڵی بۆ پرۆسەی حەج نووسیوە.
گوتەبێژی حەج و عومرە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کەسانەی ساڵی داهاتوو فەریزەج حەج بەجێ دەگەیێنن، پێویستە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 70 ساڵی بێت.
ڕۆژی یەکشەممە، 10ـی ئابی 2025، سیستەمی نوێی دیجیتاڵی بۆ خۆتۆمارکردن لە پرۆسەی حەج کاراکرا.